نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رووداو: هیچ ئاماژەیەک بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە سووریا نییە

11-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمریکا رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرێت، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ دروستبوونی "کوردستانێکی ئازاد" یان هەرێمێکی فیدراڵی بۆ کورد لەو وڵاتەدا. جەختیشی کردەوە کە واشنتن هەوڵ دەدات رێگە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) خۆش بکات، تاوەکو بچنە نێو حکومەتی سووریاوە.
 
رۆژی هەینی 11ی تەممووزی 2025 تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن دایەوە.
 
سەبارەت بە روانگەی ئەمریکا لەبارەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و پرسی فیدراڵیزم، تۆم باراک گوتی، "با لە بنەمایەکەوە دەستپێبکەم کە هەموو ئەم بابەتە ئاسان دەکات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێز لەو دەوڵەتە نەتەوەییانە دەگرێت کە دانپێدانراو، خاوەن پێگە و یاسایین. نوقتە سەری دێڕ."
 
نێردەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا دەسەڵاتی ئەسەدی نەگۆڕیوە و گوتی، "هەموو جارێک کە چووینەتە نێو جۆرێک لە گۆڕینی رژێمەوە، ئەوە هەرگیز بۆ ئێمە سەرکەوتوو نەبووە. ئێمە رژێمی ئەسەدمان نەگۆڕی."
 
سەبارەت بە داهاتووی کورد لە سووریا، باراک رایگەیاند، "هیچ ئاماژەیەک نییە کە کوردستانێکی ئازاد دروست بێت. هیچ ئاماژەیەک نییە دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەسەدە هەبێت. لای من هیچ ئاماژەیەک نییە دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەلەوی یان دەوڵەتێکی سەربەخۆی جوو دروست بێت."
 
لەبارەی پێگەی هەسەدە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، نێردە تایبەتەکە گوتی، "هیچ گومانێک نییە، بەتایبەتی کۆنگرێس پشتیوانییەکی سۆزدارانەی بۆ هەسەدە هەیە، زۆر روون بووە کە دەمانەوێت رێگەیان بۆ خۆش بکەین و دەروازەیەکیان بۆ دابین بکەین تاوەکو بچنە نێو حکومەتی سووریاوە."
 
تۆم باراک جەختی لەسەر یەکپارچەیی سووریا کردەوە و گوتیشی، "ئەوەی هەیە سووریایە. پێکهاتەیەک لە سووریا دروست دەبێت کە لە گەشەسەندندایە. دەستوورێکی سووریاییان دەبێت. پەرلەمانێکی جیدییان دەبێت. پێویستە هەموو کەسێک توانای ئەوەی هەبێت گفتوگۆ لەسەر چۆنێتیی روودانی ئەوە بکات."
 
باراک پشتیوانیی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ هەسەدە دووپاتکردەوە، بەڵام لە چوارچێوەی سووریادا و گوتی، "ئێمە لایەن نین لەو پرسەدا، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە ئەو گفتوگۆیانە ئەنجام دەدرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەخرێنەڕوو. بێگومان، ئێمە لایەنێکی دڵخوازی خۆمان لەم کێبڕکێیەدا هەیە و ئەویش هەسەدەیە، کە بە درێژایی ئەم رێگەیە زۆر باش بووە لەگەڵمان. دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە کە مامەڵەیەکی دادپەروەرانەیان لەگەڵ دەکرێت و هەلێکیان پێدەدرێت بۆئەوەی بچنە نێو پرۆسەکەوە، ئەگەر ئەوەیان بوێت. ئەگەریش ئەوەیان ناوێت، ئەوا بڕیاری خۆیانە. بڕیاری ئێمە نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە