وەزارەتی بەرگریی سووریا: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا هێزەکانمان چوونە نێو بنکەی تەنەف

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، ژمارەیەک لە یەکەکانی سوپای عەرەبی سووریا چوونەتە نێو بنکەی سەربازیی "تەنەف".
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم یەکانە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ناو بنکەکە و ناوچەکانی دەوروبەرییان گرتووەتە ئەستۆ. هاوکات جەختیشی کردووەتەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، هێزەکانی پاراستنی سنوور لەو ناوچەیەدا بڵاوبکرێنەوە و جێگیر بکرێن.
 
ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی بەرگریی سووریا دوای ئەوە هات، دوێنێ دوو سەرچاوەی سەربازیی سووریا رایانگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە بنکەی سەربازیی "تەنەف" لە سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریا، عێراق و ئوردن کشانەوە و بەرەو خاکی ئوردن رۆیشتوون.
 
سەرچاوەیەکی سەربازی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە پڕۆسەی کشانەوەکە کۆتاییهاتووە و هێزەکانی ئەمریکا گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی بۆ نێو خاکی ئوردن. هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کرد، پڕۆسەی گواستنەوەی کەرەستە و کەلوپەلە لوجستی و سەربازییەکان ماوەی 15 رۆژی خایاندووە.
 
ئەم کشانەوەیە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دێت. حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی کردووەتەوە و لە سەردانەکەیدا بۆ کۆشکی سپی لە مانگی تشرینی دووەم، رەزامەندی نیشاندا سووریا بچێتە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.
 
واشنتن رایگەیاندووە، پێویستیی مانەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد "تا رادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە"، ئەمەش وایکردووە گوشارەکان لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیاد بن.
 
لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی خاکی سووریادا، مانگی رابردوو هەسەدە دوای لەدەستدانی چەند ناوچەیەک، رێککەوتنی لەگەڵ دیمەشق واژۆ کرد، بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان و ئیدارە خۆجێییەکەیان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت.
 
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ئەمریکا سەرقاڵی گواستنەوەی نزیکەی حەوت هەزار چەکداری داعشە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەوە بۆ ناو خاکی عێراق.
 
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئێستا چڕبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، زیاتر لە بنکەی "قەسرەک"ـە لە پارێزگای حەسەکەیە.
 
سەرەڕای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی جوگرافی داعش، بەڵام ئەو رێکخراوە هێشتا مەترسییەکی ئەمنی ماوە. لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە تەدمور، دوو سەرباز و مەدەنییەکی ئەمریکی کوژران، کە دواتر واشنتن بە بۆردوومانی ئاسمانی وەڵامی دایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە