رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر خاڵێکی ئەمنی، دوو ئەندامی ئاسایش لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بریندار بوون.
هێزە ئەمنییەکانی نێوخۆ (ئاسایش) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی "حکومەتی کاتیی سووریا" لە دەوروبەری شێخ مەقسوود، خاڵێکی ئەمنیی ئاسایشی کردووەتە ئامانج.
ئەو هێرشە دوێنێ دوای نیوەڕۆ کراوە و دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون.
ماوەی چەند رۆژێکە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بەسەر گەڕەکە کوردییەکان و ئەو ناوچانەی هێزە کوردییەکانی تێدایە دەسووڕێنەوە، بەڵام ئەمە یەکەم هێرشە بۆ سەر هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب لە دوای رێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا لە نیسانی رابردوودا.
بەپێی ئەو رێککەوتنە هێزەکانی یەپەگە لەو دوو گەڕەکە کشابوونەوە.
9ی ئابی 2025، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا کە گەلی سووریا و هەموو ئەو لایەنانەی پابەندن بە چارەسەری ئاشتییانە، چاوەڕوانی سەقامگیربوونی دۆخەکەن لە سەرانسەری سووریادا، کەچی ئەو گرووپانەی "لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت" و ئەوانەی لەژێر چەتری حکومەتی دیمەشقدان، بەردەوامن لە پێشێلکاریی دووبارەی ئاگربەست لە چەندین ناوچەدا، لەوانە دێرەزور، دێر حافر، بەنداوی تشرین و تل تەمەر.
هەسەدە ئاماژەی بە "جووڵەی گوماناوی" لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب کرد و رایگەیاند، "پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو رێککەوتنەیە کە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی هەردوو گەڕەکەکە و بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشق لە رێککەوتی 1ی نیسانی 2025 واژۆ کراوە."
هێزەکانی سووریای دیموکرات چەند داواکارییەکی ئاراستەی حکومەتی دیمەشق کرد کە ئەمانەن:
1. داوا لە حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو لایەنە، هەروەها ئەو گرووپانەی "لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن"، دەکەین کە دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەکان رابگرن و پابەندی خاڵەکانی رێککەوتنەکە بن.
2. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە چاودێریی ئەم پێشێلکارییانە بکەن و کار بۆ دڵنیابوونەوە لە رێزگرتن لە رێککەوتنە واژۆکراوەکان بکەن.
3. ئێمە دەستی دیالۆگ و هاوکاری بۆ سووریایەکی ئارام و سەقامگیر درێژ دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەین هەموو رێکارێکی پێویست بگرینەبەر بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ