رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، کاژێر 02:35ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دوو گرووپی شەڕڤانی سەر بە هەسەدە چوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا لە ناوچەی تل ماعز لە رۆژهەڵاتی حەلەب و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕ و لە ئەنجامدا سەربازێک کوژراوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ش دەڵێت، هێزەکانی حکومەتی سووریا لە چەند ناوچەیەک جووڵەی دنەدەرانە و گوماناوی دەکەن و هۆشداری دەدات کە "ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا وەڵامیان بدەینەوە".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریادا کە کۆپییەکی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتەکەوە بۆ رووداو نێردراوە، هاتووە: "یەکەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، لە چوارچێوەی رێساکاندا وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان دایەوە، دزەکردنەکەیان شکستپێهێنا و هێزەکەیان ناچارکرد بەرەو پێگەکانی خۆیان پاشەکشە بکەن."
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێ: "ئەم ئاڵۆزییە نوێیە لە کاتێکدایە هێزەکانی (هەسەدە) بەردەوامن لە کردنەئامانجی پێگەکانی سوپا لە ناوچەکانی منبج و دێر حافر، هاوکات هەندێک لە رێگەکانی شاری حەلەب بە شێوەی پچڕپچڕ و رۆژانە بەڕووی خەڵکی سڤیلدا دادەخەن، بەمەش هەموو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا پشتگوێ دەخەن."
لە 10ـی ئاداری ئەم ساڵدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا واژۆ کرد، بەڵام هێشتا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت: "جەخت لە پێویستیی پابەندبوونی هەسەدە دەکەینەوە بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا واژۆ کراون، هەروەها راگرتنی دزەکردن و بۆردوومانکردن و هەراسانکردن کە ئەندامانی سوپا و خەڵکی سڤیل لە شاری حەلەب و گوندەوارەکانی دیکە دەکاتە ئامانج، بەردەوامبوون لەسەر ئەم کارانە ئەنجامی نوێی لێدەکەوێتەوە."
لە وەڵامی پرسیاری رووداودا لەبارەی ئەوەی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان وەزارەتی بەرگری و هەسەدە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە هەیە؟ وەزارەتەکە رایگەیاند: "پەیوەندییەکە پەیوەست نییە بە ئێمە لە وەزارەت، بەڵکو پەیوەستە بە لیژنەی راسپێردراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە هاوبەشەکە."
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو هەسەدە بڵاویکردەوە، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە چەند ناوچەیەک جووڵەی دنەدەرانە و گوماناوی دەکەن؛ هۆشداریشی دا کە "ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا وەڵامیان بدەینەوە".
هەسەدە رایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق چەند رۆژێکە دنەی هێزەکانیان دەدەن، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی دێر حافر و گوندەکانی دەوروبەری.
هەسەدە دەڵێت: "ئەو هێزانە بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست"، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانیان "پابەندی دانبەخۆداگرتن بوون و وەڵامی ئەو دنەدانە بەردەوامانەیان نەداوەتەوە. بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا وەڵامیان بدەینەوە."
سەبارەت بە دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گرووپەکانی سەر بە حکومەت لەوێش کۆبوونەتەوە و پشکنینیان چڕکردووەتەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەردەوام بە ئاسمانی هەردوو گەڕەکەکە دەسووڕێنەوە کە ئەوەی بە "دنەدانێکی ئاشکرا" ناوی بردووە.
هەسەدە پێیوایە، ئەم هەوڵانە بە پێشێلکاریی ئاگربەست و ناکۆک لەگەڵ گیانی ئەو رێککەوتننامەیە دادەنرێن کە ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە یەکی نیسانی رابردوودا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق واژۆی کردووە، ئەمەش بووەتە جێی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییانی مەدەنیی خستووەتە مەترسییەوە.
هەسەدە داوا لە حکومەتی سووریا دەکات "رەفتاری ئەو توخمە لەیاسادەرچووانە کۆنترۆڵ بکات" و رێگە نەدات ببنە هۆی "هەرەسهێنانی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکانی نێوانمان." هەروەها داوایکردووە دووربکەونەوە لە هەر هەنگاوێک کە گرژییەکان زیاد دەکات و پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە شاری حەلەب و ناوچەکانی دیکەدا بکەن.
هەر ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی نێوخۆ (ئاسایش) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە رایگەیاند، نیوەڕۆی دوێنێ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی "حکومەتی کاتیی سووریا" لە دەوروبەری شێخ مەقسوود، خاڵێکی ئەمنیی ئاسایشی کردە ئامانج و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئاسایش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ