دەزگای ئێزدیی ئازاد: 800 خێزان لە عەفرین و چارەنووسیان نادیارە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئێزدیی ئازاد (FYF) هۆشداری لە "دۆخێکی نالەبار"ی 1,200 خێزانی ئێزدی لە حەلەب دەدات و رایدەگەیێنێت، 800 خێزانیان بە زۆرەملێ گەڕێندراونەتەوە بۆ عەفرین و پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی دەزگاکە، بەهۆی شەڕەکانی ئەم دواییە، نزیکەی 800 خێزانی ئێزدی (کە زۆربەیان خەڵکی رەسەنی عەفرینن) ناچارکراون بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچەیەی "لەلایەن چەوسێنەرەکانیانەوە کۆنترۆڵکراوە."
 
دەزگاکە دەڵێت: "ئەو ناوچەیە [عەفرین] هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هەمان ئەو گرووپە تووندئاژۆیانەدایە کە پێشتر ئێزدییەکان بەهۆی ستەمکارییەکانیانەوە جێیان هێشتبوو. ئێستا پەیوەندی لەگەڵ ئەو خێزانانە پچڕاوە و چارەنووسیان نادیارە."
 
جگە لەوانەی گەڕێنراونەتەوە، نزیکەی 400 خێزانی دیکەی ئێزدی لە خودی شاری حەلەب گیریان خواردووە. دەزگای ئێزدیی ئازاد ئاشکرای دەکات، ئەو خێزانانە لە بارودۆخێکی سەختدا لە کەنیسە و باڵەخانە کاتییەکاندا دەژین، بەبێ ئەوەی دەستیان بە خۆراک و هاوکاریی مرۆیی بگات.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا، گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی سڤیلی ئێزدی بە ناوەکانی "ئیبراهیم خەلیل و ژاکلین حەسکۆ" لە شەڕەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە.
 
مریەم جردۆ، سەرۆکی ماڵی ئێزدی لە عەفرین رایگەیاند: "وەکو ژنێکی ئێزدی، دەترسم هەمان ئەو تاوانانەی ساڵی 2014 لە شنگال کران، بەتایبەتی تووندوتیژیی سێکسی و کۆیلایەتی، دووبارە بکرێنەوە."
 
سەرچاوەیەکی تایبەت کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ناوی ئاشکرا نەکراوە، بە دەزگاکەی راگەیاندووە، گرووپە ئیسلامییەکان لە عەفرین "پیاوان و کوڕە گەورەکانیان لە ژنان و کچان جیاکردووەتەوە؛ ئەوەش هاوشێوەی ئەو رێگەیەیە کە داعش لە کاتی جینۆسایددا بەکاری دەهێنا."
 
مەناف جافۆ، سەرۆکی ماڵی ئێزدی لە حەلەب دیمەنەکانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبی بە "کۆمەڵکوژییەکی سیستماتیک" ناوبرد. ناوبراو ئاشکرای کرد کە چەکداری بینیوە "ئاڵای داعشیان هەڵگرتبوو" و تەنانەت یەکێکیان لە کاتی رووماڵی تەلەڤزیۆنیی راستەوخۆدا دەرکەوتووە.
 
دەزگای ئێزدیی ئازاد داوا لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەپەلە رێڕەوێکی مرۆیی ئارام بکەنەوە و رێگری لە "تاوانی دڕندانە" دژی کەمینەکان بکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە