گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر دێر حافیر و بەنداوی تشرین؛ "ئامادەین بۆ بەرگری"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، چەکدارانی سەر بە حکومەتی شام هێرش دەکەنە سەر خاڵەکانیان لە شارۆچکەی دێر حافیر.
 
هاوکات، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی "سوپای عەرەبیی سووریا" (هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن) هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و شارۆچکەکانی دێر حافیر و مەسکەنەی وەکو "ناوچەی سەربازیی داخراو" راگەیاند.
 
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، گرووپە چەکدارەکان شارۆچکەی دێر حافیر لە رۆژهەڵاتی گوندەواری حەلەب تۆپباران دەکەن. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی کوژراو یان برینداربوونی کەس بڵاونەکراوەتەوە.
 
دوو جار هێرش کرایە سەر بەنداوی تشرین
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی شام دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، "لەو هێرشانەدا درۆنی بۆمبڕێژکراو و تۆپی قورس بەکارهێندراون. هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانە، گوندی 'ئوم ئەلمەرایە' لە باشووری دێر حافیر تۆپباران کراوە."
 
هەسەدە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن.
 
هێرش لە دێرەزوور
 
لەلایەکی دیکەوە، هەسەدە رایگەیاند،  بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چەکدارانی سەر بە حکومەتی شام لە گوندەواری دێرەزوور هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانیان. بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە کاژێر 11:25ی شەوی رابردوو لە شارۆچکەی "ئەبو حەمام" لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور روویداوە.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "چەکدارەکان لەوبەری چەمی فوراتەوە بە تەقەیان لە خاڵەکانی هەسەدە کردووە." هەسەدە جەختی کردەوە، لەم هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، شەڕڤانانیان دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە و رێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی ناوچەکە گرتووەتەبەر.
 
ئیلهام ئەحمەد: حکومەتی سووریا رێککەوتنی 10ی ئاداری هەڵوەشاندووەتەوە
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستپێکردنی شەڕ لەلایەن حکومەتی سووریاوە، هەڵوەشاندنەوەیەکی یەکلایەنەی رێککەوتنی 10ی ئادارە.
 
ئیلهام ئەحمەد گوتیشی، "ئێمە تاوەکو ئێستا پابەندی رێککەوتنی 10ی ئادارین و ئامادەین بۆ دانوستاندن لەو چوارچێوەیەدا."
 
لەبارەی ئەگەری سەپاندنی شەڕیشەوە گوتی، "ئێمە دژی شەڕین، بەڵام ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین."
 
دێر حافیر و مەسکەنە کرانە ناوچەی سەربازی
 
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن، دێر حافیر و مەسکەنەیان وەک ناوچەی سەربازیی داخراو دەستنیشان کرد. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەو ناوچانە بوونەتە "شوێنی هەڵدانی درۆنە خۆکوژە ئێرانییەکان" کە شاری حەلەب بۆردوومان دەکەن.
 
هەسەدە تۆمەتبار کراوە بە کۆکردنەوەی هێز و هاوئاهەنگی لەگەڵ پەکەکە و "پاشماوەکانی رژێمی رووخاو." لە راگەیێندراوەکەی ئۆپۆزسیۆندا نەخشەیەک بڵاوکراوەتەوە و هاتووە، "ئەو ناوچەیەی بە رەنگی سوور دیاریکراوە، لەم رێککەوتەوە وەک ناوچەی سەربازیی داخراو ئەژمار دەکرێت."
 
لە کۆتاییدا بانگەواز ئاراستەی سڤیلەکان کراوە کە لە بارەگاکانی هەسەدە دوور بکەونەوە، هۆشداری دراوە بە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە "پێویستە پاشەکشە بکەن بۆ رۆژهەڵاتی فورات بۆئەوەی گیانی خۆیان بپارێزن."
 
هەروەها جەختیان کردووەتەوە، هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێن بۆ رێگرتن لە بەکارهێنانی ئەو ناوچانە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتووانی گەڕەکە کوردییەکان لەژێر وێرانکاری دا دەگەڕێنەوە.

کوردانی حەلەب دەگەڕێنەوە ماڵە وێرانبووەکانیان؛ "4 رۆژە کچەکەم خواردنی دەستنەکەوتووە"

دیمەنی سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە، پاشماوەى تۆپبارانکردنى گەڕەکی شێخ مەقسوودە؛ دانیشتووانى لە ناو وێرانکارییەکی زۆردا دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان و هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی دەدەن.