رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کاروباری نێوخۆی کانتۆنی رەققەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، قەدەخەی هاتووچۆی لە چەند گەڕەکێکی رەققە راگەیاند.
بەپێی بڕیاری دەستەی کاروباری نێوخۆی کانتۆنی رەققە، هاتووچۆ لە کاژێر 10:00ی شەو تاوەکو 06:00ی بەیانی قەدەخە دەبێت.
دەستەی کاروباری نێوخۆی رەققە هەروەها هۆشداریی دا، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرێتەبەر کە بڕیارەکە پێشێل بکات.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپەکانی نزیکی، دەستیان بە هێرش بۆسەر دێر حافیر و بەنداوی تشرین کردووە، کە لەدەست هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە.
رەققە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر (AANES) دایە. شارەکە لەلایەن "ئەنجوومەنی مەدەنیی رەققە"وە بەڕێوەدەبرێت، کە پێکهاتەیەکی ناوخۆییە. لەڕووی سەربازییەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پارێزگاری لە شارەکە و دەوروبەری دەکەن.
رەققە، خاڵی بەیەک بەستنەوەیە لەنێوان ناوچەکانی جزیرە (حەسەکە و قامشلۆ) و ناوچەکانی کۆبانی و منبج.
بەنداوی تشرین و بەنداوی فورات لەنزیک ئەم شارەن، کە سەرچاوەی سەرەکیی کارەبا و ئاوی ناوچەکەن. هەر هێرشێک بۆسەر ئەم ناوچانە، کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵکی رەققە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ