رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری سووریا مەرسوومی بۆ دەستبەکاربوونی پارێزگاری حەسەکە دەرکرد، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە.
بەپێی مەرسوومی ژمارە (30)ـی ساڵی 2026 کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریاوە واژۆکراوە، بڕیاردراوە بە دیاریکردنی (نوورەدین ئەحمەد عیسا) وەکو پارێزگاری نوێی حەسەکە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە 30ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕۆکی رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی سووریا راگەیاند.
لە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنەدا هاتبوو کە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دامەزراندنی پارێزگارێکی نوێ بۆ حەسەکە دەردەکرێ، بە ئامانجی "دڵنیایی لە بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتیی ناوخۆیی" لەو پارێزگایەدا.
بەپێی نێوەڕۆکی مەرسوومەکە، بڕیاری دیاریکردنی پارێزگارە نوێیەکە لە رێککەوتی دەرچوونییەوە کە 12ـی شوباتی 2026ـە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 4ی ئەم مانگە، نوورەدین عیسا، بەربژێری پۆستی پارێزگاری حەسەکە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوین دارا لەگەڵی ئەنجام دا، باسی لە پلانەکانی داهاتووی کرد بەڕێوەبردنی پارێزگاکە کرد و رایگەیاند، ئێستا کەوتوونەتە قۆناخێکی نوێ لە خۆبەڕێوەبەری و ئەوە یەکەم جارە پارێزگاکە لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبرێ.
نوورەدین عیسا گوتی: ''پێویستە بە فیداکارییەوە کاربکەین و هەرچی وزەمان هەیە بەکاری بهێنین، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ