لە شەڕی گرووپە چەکدارەکاندا لە سوەیدای سووریا 8 کەس کوژران

13-07-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری پارێزگای سوەیدای سووریا، جارێکی دیکە گرژی و شەڕ لەنێوان هێزێکی پۆلیسی نێوخۆیی و گرووپێکی چەکداری هۆزەکان دروستبوو. بەپێی ئامارێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەشت کەس کوژراون و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
شەڕەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە دروستبووە، لەکاتێکدا بووە کە پۆلیسی خۆجێی سەر بە فەرماندەیی ئاسایشی نێوخۆ لە نزیک گوندی (سورە کەبیرە) بازگەیەکیان داناوە و گرووپێکی چەکداری هۆزەکان هێرشیان کردووەتە سەریان.
 
سەرۆکی روانگە: گرووپە چەکدارەکە بە هاوەن هێرشیان کردووە
 
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بازگەکەی پۆلیس لە نێوان شارۆچکەی بوراق و رێگەی دیمەشق - سوەیدا، رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەتەوە و تەقە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و هێرشبەراندا بە ئاراستەی یەکدی کراوە."
 
بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، چەکدارەکان چەند گولـلەهاوەنێکیان ئاراستەی دەوروبەری گوندی "سورە کەبیرە" کردووە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو بازگەکە.
 
گرووپە چەکدارەکان رێگەی سوەیدا - دیمەشقیان داخستووە
 
بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم پێشهاتە دوای ئەوە هاتووە کە گرووپە چەکدارەکان لە بەیانییەوە، رێگەی دیمەشق-سوەیدایان لە چەندین ئاراستەوە داخستووە، دیارترینیان لە ئاراستەی شارۆچکەی بوراق لە گوندەواری دیمەشق. ئەمەش وایکرد هێزە ئەمنییەکان رێگەکە بەتەواوی دابخەن، لە کاتێکدا دۆخی ئامادەیی و گرژی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.
 
شەڕی نێو شاری سوەیدا و کوژرانی 8 کەس
 
لە گەڕەکی مەقوس، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سوەیدای زۆرینە دروز نشین، هەشت کەس کوژران کە یەکێکیان منداڵە. بەپێی روانگەی سووری، شەش کوژراو دروزن و دووی دیکە دەشتەکی (بەدەوی)ن.
 
هاوکات 30 کەسیش بریندار بوون، کە بەپێی روانگەی سووری، چەند منداڵێکیان تێدایە و تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
شەڕەکەی گەڕەکی مەقوس لەنێوان گرووپێکی چەکداری شارەکە و گرووپی چەکداری هۆزەکان روویداوە، تاوەکو ئێستاش دۆخی گەڕەکی مەقوس ئاسایی نەبووەتەوە، بە گوتەی روانگەی سووری، خەڵکی سڤیل داوای ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و راگرتنی شەڕ دەکەن.
 
بۆچی چەکدارە خۆجێییەکان و هۆزەکان بەشەڕهاتن؟
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی گرژییەکی ئەمنی خێرادایە کە لەسەر بنەمای رووداوی دەستبەسەرکردنی دوولایەنەیە لەنێوان چەکدارە خۆجێیەکان و هۆزەکان ناوچەکە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند رۆژێک لەمەوبەر گەنجێک لە خەڵکی سوەیدا لەسەر رێگەی دیمەشق-سوەیدا رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەوە. 
بەپێی زانیارییەکان، گرووپێکی چەکداری هۆزەکان بازگەیەکی کاتییان لە نزیک ناوچەی "مسمیە" دانابوو، کە تێیدا رێگەیان لە گەنجەکە گرتبوو و لێیان دابوو و شتومەکەکانیان لێ سەندبوو، پێش ئەوەی لە ناوچەیەکی دوورەدەست ئازادی بکەن لە کاتێکدا باری تەندروستیی ناجێگیر بووە.
 
وەک وەڵامێک بۆ ئەم رووداوە، ژمارەیەک لە خەڵکی پارێزگاکە هەستان بە دەستبەسەرکردنی چەند ئەندامێکی هۆزەکان، ئەمەش بووە هۆی دووبارە هەڵگیرسانی گرژییەکان و، وایکرد گرووپێک لە هۆزەکان بازگەیەکی کاتی لە گەڕەکی مەقوس دابنێن و چەند کەسێکی سەر بە چەکدارە خۆجێیەکان دەستبەسەر بکەن، هاوکات لەگەڵ داخستنی رێگای سەرەکیی دیمەشق-سوەیدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە