دزێک ئابڕووی پەرلەمانتارێکی سووریا دەبات

13-08-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سووریا پەرلەمانتار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
دزییەک کە مانگی تەمووزی رابردوو روویداوە، ئابڕووی ئەندام پەرلەمانێکی سووریای برد و سامانی ئەو پەرلەمانتارەی ئاشکراکرد کە ئەندامی حیزبی بەعسی ئیشتراکی سووریای دەسەڵاتدارە.
 
یەکێتی زێڕینگرانی سووریا، بەشێوەی بەردەوام جۆر و بڕ و وێنەی (ئەگەر هەبێت)، ئەو بڕە زێڕانەی وڵاتەکە بڵاودەکاتەوە کە دەدزرێن و لە رێگایەوە هۆشداری دەداتە زێڕینگرەکان تا ئەو زێڕە دزراوانە نەکڕنەوە. یەکێتییەکە ئەمکارە لە رێگەی پەیجی فەیسبووکی خۆیەوە دەکات، کە خەڵکانێکی زۆر، بەتایبەت زێڕینگرەکان فۆڵۆیان کردووە و بەهۆیەوە رێگری لە مامەڵەکردن بەزێڕی دزراوی وڵاتەکەوە دەکرێت.
 
پەیجەکە وەک ماڵپەری عەرەبییە ئاشکرایکردووە، لە رۆژانی رابردوودا، نووسراوێکی پۆلیسی دیمەشقی بڵاوکردووەتەوە کە دەقی سکاڵای پەرلەمانتارێکی وڵاتە بەناوی عەلی مەحموود رەشق. لە سکاڵاکەیدا ئاشکرایکردووە دزی لە ماڵەکەی کراوە و بڕێکی زۆر زێڕی لێبردراوە.
 
عەلی مەحموود رەشق، ئەندامی پەرلەمانی سووریایە لەسەر فراکسیۆنی حیزبی بەعسی دەسەڵاتدا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد، لە دەوروبەری دیمەشق. پێشتر چەندینجار قسەی لەبارەی ئەوەوە کردووە کە ئەو پەرلەمانتارێکی خەمخۆری خەڵک و لایەنگری هەژارانە. حیزبی بەعسی سووریاش، لە دروشمەکانیدا خۆی بەلایەنگری جووتیاران و چەوساوەکان دەناسێنێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی سکاڵاکەی پۆلیس تۆماریکردووە، ئەندام پەرلەمانەکە ئاشکرایکردووە کە بڕێکی زۆری ئاڵتوونی لە ماڵەکەی خۆیدا لێبراوە کە وەک خۆی دەڵێ بەرامبەر پارەیەکی زۆرە.
 
مەحموود لەو زانیارییانەدا کە بەپۆلیسی داوە، دەڵێ شەش قاڵبی زێڕی لێدزراوە کە کێشی هەریەکەیان 31،10 گرامە، کۆی هەر شەش قاڵبەکە دەکاتە 187 گرام زێڕی خاوێن.
 
جیا لەوە پەرلەمانتارەکە ئاشکرایکردووە، کە پارچەیەک زێڕی کێش 40 گرامی، لەگەڵ دوو کاتژمێری ئافرەتانەی زێڕ کە کێشی هەریەکەیان 191 گرامە، لەگەڵ زنجیرێکی ئاڵتوونی سپی و بازنێکی پان لە نێو کەلوپەلە دزراوەکاندا بووەو کە کێشی هەموویان دەکاتە 113 گرام. جیا لەوەش 8 لیرەی زێڕ و زنجیرێک کە بۆڵە زێڕێکی پێوەیە و کێشەکەی نەزانراوە، هەروەها چوار ئەڵقەی عەیار 21، دوو دانەی عەیار 18 و شەش دەستبەندی عەیار 21 لە ماڵەکەی دزراون.
 
بەپێی ماڵپەرە عەرەبییەکە، ئەو دزییە لە میدیای سووریدا باسنەکراوە و پەرلەمانتارەکەش نەیویستووە بڕی سامانە دزراوەکەی ئاشکرا بکات، بەڵام دیارە نەزانانە، هەموو زانیارییەکانی لەبارەی سامانە دزراوەکەیەوە خستووەتە سەر فەیسبووک و بەوەش ئابڕووی خۆی بردووە و رووبەڕووی هێرشێکی تووندی چالاکڤانانی سۆسیالمیدیا کراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە سووریا بەدۆخێکی ئابووری یەکجار خراپدا گوزەر دەکات و خەڵک لە برسێتییەکی کوشندەدا دەژین، لە ئەنجامی چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
 
ئاشكرابووە کە دزییەکە رۆژی 22ی تەممووز کراوە، واتە پاش سێ رۆژ لە بەڕێوەچوونی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سووریا، بەڵام نووسراوی یەکێتی زێڕینگرانی سووریا، دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە ماڵپەرەکەی بڵاوکراوەتەوە.
 
لە 21ی حووزەیرانی ئەمساڵدا، هیلال ئەلهیلال، کەسایەتی نزیک لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، لیستی ناوی حیزبی بەعسی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە بازنەی دەوروبەری دیمەشق راگەیاند کە لە نێویاندا، ناوی عەلی مەحموود رەشق هەبوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە