رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکى نزیک لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە رووداوی راگەیاند، ئەو شاندەی ئەمڕۆ لە شام بوو، مەزڵووم عەبدی سەرپەرشتیاری بوو و باسیان لە چوونی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) بۆ ناو سوپای سووریا کردووە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەمڕۆ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵووم عەبدی سەرپەرشتیاری دوو تیم بووە لە شام.
یەکێک لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزیری بەرگریی سووریا بووە و دەربارەی چوونە ناوەوەی هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بووە بۆ ناو سوپای سووریا، کۆبوونەوەکەش ئەرێنی بووە.
کۆبوونەوەی دووەمی مەزڵووم عەبدی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی سووریا بووە و دەربارەی چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بووە بۆ ناو دامەزراوەکانی سووریا، ئەو کۆبوونەوەش ئەرێنی و بەبەرهەم بووە.
سەرچاوەکە رایگەیاند، لە داهاتوودا گفتوگۆکان بەردەوام دەبن.
شاندی هاوبەشی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا جگە لە مەزڵووم عەبدی، هەر یەک لە سۆزدار حاجى و سیپان حەمۆ، ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، هەروەها ئەبجەر داود، گوتەبێژی هەسەدە و شاکر دێرەزوور، فەرماندەی هەسەدەی لەخۆگرتبوو.
لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش، فەرماندە دلێر حسێن تەمۆ، لیوا عەلی خدر ئەلحەسەن، مستەفا مەحموود دەلی و ئاحۆ ئێلیۆ لەحدۆ و جێگری هاوسەرۆکانی دەستەی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئارین مستەفای لەخۆگرتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ