تۆم باراک: سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی سوپای پاسداران، داعش، حەماس و حیزبوڵڵادا هاوکاریمان دەکات

13-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا دەڵێ، دیمەشق بەڵێنی داوە بە "شێوەیەکی کارا" یارمەتیی واشنتن بدات لە "رووبەڕووبوونەوە و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش، سوپای پاسداران، حەماس، حیزبوڵڵا و تۆڕە تیرۆریستییەکانی دیکە."
 
لێدوانەکەی باراک دوای سەردانێکی مێژوویی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا بۆ کۆشکی سپی دێت کە تێیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. باراک دەڵێت، ئەم سەردانە "وەرچەرخانێکی یەکلاییکەرەوەیە لە مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
باراک، کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە دەکات کە شەرع لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ترەمپ، بەڵێنی داوە سووریا ببێتە "هاوبەشێکی پابەند لە هەوڵی جیهانیدا بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپیدا هەریەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ؛ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا؛ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سوزی وایڵز، بەڕێوەبەری کاروباری کۆشکی سپی ئامادەبوون.
 
باراک دەڵێ، سووریا بە فەرمی چووەتە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئەم هەنگاوە "چوارچێوەیەکی مێژووییە کە گواستنەوەی سووریا لە سەرچاوەی تیرۆرەوە بۆ هاوبەشێکی دژەتیرۆر نیشان دەدات."
 
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، ترەمپ لە 13 ئایاردا رایگەیاند، هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێ بۆ ئەوەی "دەرفەتێک" بەو وڵاتە بدرێت. سەردانەکەی شەرع، یەکەم سەردانی سەرۆکێکی سووریایە بۆ کۆشکی سپی لەوەتەی ئەو وڵاتە لە ساڵی 1946 سەربەخۆیی وەرگرتووە.
 
هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی کرد لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کە تێیدا نەخشەڕێی قۆناخی داهاتووی چوارچێوەی ئەمریکا-تورکیا-سووریا تاوتوێ کراوە. بەشێک لەو نەخشەڕێیە بریتی بووە لە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "بۆ نێو پێکهاتەی نوێی ئابووری، بەرگری و سڤیلی سووریا،" ئەمە وەک باراک دەڵێ. 
 
باراک داوا لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات کە "هەنگاوێکی مێژوویی" بنێت و یاسای قەیسەر بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی "حکومەتی نوێی سووریا بتوانێت بزوێنەری ئابووریی خۆی بخاتەوە کار و رێگە بە خەڵکی سووریا و دراوسێکانی بدات نەک تەنیا بژین، بەڵکو گەشە بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە