شەیبانی: کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هەسەدە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئادار بەردەوامن

13-11-2025
تەنیا ئەحمەد
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێ، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لە مانگی ئاداری رابردوودا، لە 45 رۆژی رابردوودا پێنج کۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەبووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 13-11-2025 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پانێڵێکدا لە پەیمانگای شاهانەی کاروباری نێودەوڵەتیی بەریتانیا (چاتم هاوس) لە لەندەن لەبارەی دۆخی سووریا قسەی کرد و گوتی، سووریا وەک "تابلۆیەکە" و بیر لە هیچ جۆرە دابەشبوونێک ناکەنەوە.
 
شەیبانی لە پانێڵەکەدا کە لەژێر ناوی "سیاسەتێکی دەرەوە بۆ سووریای نوێ" پێشکێشی کرد، گوتی: "سووریا وەک تابلۆیەک وایە؛ جوانییەکەی نابینرێ ئەگەر هەمووی پێکەوە نەبێت. بۆیە ناتوانین بیر لە هیچ جۆرە دابەشبوونێک بکەینەوە."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا باسی لەوە کرد کە لەماوەی 10 بۆ 15 ساڵی رابردوودا "دۆخێکی تایبەت" لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەبووە و گوتی، تێکەڵبوونەوەی ئەو ناوچانە دەبێت "پشت بە تێگەیشتن و دیالۆگ ببەستێت، نەوەک بە پەلەپەل بکرێت" تاوەکو کێشەی زیاتر دروست نەکات.
 
گرنگترین بەشی قسەکانی شەیبانی، ئاشکراکردنی گفتوگۆ چڕەکانی نێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدە بوو و رایگەیاند: "لە 45 رۆژی رابردوودا پێنج کۆبوونەوەمان وەک حکومەتی سووریا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەبووە، بۆ دۆزینەوەی هەندێک میکانیزم بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە."
 
ئەو رێککەوتنەی شەیبانی ئاماژەی پێدا، رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بوو.
 
شەیبانی ئەوەی بیرهێنایەوە کە ئەو رێککەوتنە لەلایەن "تورکیا و ئەمریکاوە" پێشوازی لێکرا و گوتیشی: "لە هەمان کاتیشدا، پاڵپشتیی لایەنی ئەمریکیش بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەیە."
 
شەیبانی هەروەها پرسی کوردی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە داهاتووی سووریا وێنا کرد و گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە کێشەیەکی هاوبەش و دۆزێکی نیشتمانیمان هەیە کە ناتوانین پشتگوێی بخەین". 
 
لەکاتێکدا شەیبانی باسی لە پێدانی گەرەنتی بە پێکهاتە کریستیانەکان کرد، دۆخی پارێزگای سوەیدای وەک دۆخێکی تایبەت و ئاڵۆز بە هۆکاری دەرەکییەوە ناوبرد. شەیبانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، رەهەندێکی "دەرەکی" لەپشت ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەوەیە.
 
وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "ئەوەی کێشەی سوەیدا جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە زیاتر پەیوەستە بە ئیسرائیل یان لایەنێکی هەرێمییەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە