رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە رۆژی شەممە لە تەدمور کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا و سووریا و بووە هۆی کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی.
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا هێرشەکە بە "بۆسەیەکی تیرۆریستیی ترسنۆکانە"ی داعش ناودەبات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، هێرشەکە لەلایەن چەکدارێکی داعشەوە کراوە کە دواتر کوژراوە. لەو هێرشەدا جگە لە کوژراوەکان، سێ سەربازی دیکەی ئەمریکی و دوو سەربازی سووریا برینداربوون.
باراک رۆژی شەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەو بۆسە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکا لە سووریا، کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی دوو سەربازی ئازای ئەمریکی و وەرگێڕێکی دڵسۆزی سڤیل، بیرخەرەوەیەکی روون و تووڕەکەرە کە تیرۆر هێشتا وەک هەڕەشەیەکی دڕندانە و بەردەوام ماوەتەوە."
باراک جەختی لە پابەندبوونی واشنتن بە هێشتنەوەی ژمارەیەکی سنووردار لە هێزەکانی لە سووریا کردەوە بە ئامانجی تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش و گوتی، ئەم کارە بە هاوئاهەنگی "هاوبەشە خۆجێییە بەتواناکان" لەژێر سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا دەکرێ.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا دەڵێت: "پێشوازی لە پابەندبوونی بەهێزی سەرۆک ئەحمەد شەرع دەکەین، کە هاوبەشی ویستی پۆڵاینمانمانە بۆ دۆزینەوە، راوەدوونان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە. بەیەکەوە تیرۆر لە سووریا بنبڕ دەکەین."
رووداوەکە لە نزیک شاری مێژوویی تەدمور بوو کە لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆدایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی "تۆڵەکردنەوەی زۆر تووند"ی داوە و هێرشەکەی بە "هێرشێکی داعش لە ناوچەیەکی زۆر مەترسیدار" ناوبرد کە هێشتا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشقدا نییە؛ هاوکات ئاماژەی بە "تووڕەیی" شەرع کرد بەرامبەر رووداوەکە.
نوردەین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند: "ئێمە لە 10 ئەم مانگەوە دەمانزانی کە ئەم ئەندامەی ئەمریکییەکانی کوشتووە، هەڵگری بیری توندڕۆییە و بەنیازبووین سبەی رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر بگرینەبەر، بەڵام سوبحانەڵڵا، ئەمڕۆ شەممە کە پشوو بوو، هێرشەکەی کرد."
ئەمە یەکەمجارە سەربازی ئەمریکی لە سووریا دەکوژرێن لەوەتەی ساڵێک لەمەوبەر بەشار ئەسەد لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع لە دەسەڵات لابرا.
مانگی رابردوو، دوای سەردانە مێژووییەکەی سەرۆککۆماری سووریا بۆ کۆشکی سپی، سووریا بە فەرمی بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش هێشتا نزیکەی 5 بۆ 7 هەزار چەکداری لە شانە نوستووەکانیدا لە عێراق و سووریا هەیە.
باراک، کە هاوپەیمانێکی نزیکی ترەمپە، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سووریا و هەوڵیش دەدات بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا.
پێشتر بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتی گوتبوو، هێرشەکە لە شوێنێک بووە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریایە.
سەرچاوەیەکی دیکەی سوپای ئەمریکا لە سووریاوە بە رووداوی راگەیاند، ئەو وەرگێڕە ئەمریکییەی کوژراوە، کریستیانێکی بە رەچەڵەک خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
بە گوتەی پێنتاگۆن، لە کاتی کۆبوونەوەی سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا و سووریا لە شوێنێکی نزیک تەدمور لە نێوەڕاستی بیابان لە سنووری پارێزگەی حومس، "چەکدارێکی داعش" هێرشی کردووەتە سەریان.
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن پێشتر رایگەیاندبوو، هێرشکارەکە بە دەستی هێزەکانی سووریا کوژراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ