رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی 20 وڵات و ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی، کۆنفرانسی پاریس تایبەت بە سووریا بەڕێوەچوو. سەرۆکی فەرەنسا پاراستنی ئاسایشی سووریای بە گەورەترین ئاڵنگاری لە سووریا دانا و ستایشی کوردی رۆژئاوای کوردستانی کرد. لە راگەیێندراوی کۆنفرانسەکەدا هاتووە، پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداری کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سووریا بکەن و دەبێت بەزووترین کاتیش وادەیەک بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێک دیاریبکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 13ی شوباتی 2025، لە پاریس کۆنفرانسێکی تایبەت بە سووریا بەڕێوەچوو. دوای کۆنفرانسەکە راگەیێندراوێکی هاوبەش بە ناوی بەشداربووانەوە کە بریتیبوون لە فەرەنسا، بەحرەین، کەنەدا، میسر، ئەڵمانیا، یۆنان، عێراق، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوردن، کوەیت، لوبنان، عومان، قەتەر، سعودیە، ئیسپانیا، تورکیا، ئیمارات، بەریتانیا، یەکێتیی ئەورووپا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەب و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو بڵاوکرایەوە.
نێوەڕۆکی راگەیێندراوی کۆنفرانسەکە
بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ئامادەیی خۆیان دووپاتکردەوە کاربکەن کە دڵنیایی بدرێت لەوەی سوورییەکان خاوەنی داهاتووی وڵاتەکەیان بن لەژێر رۆشنایی بڕیارنامەی ژمارەی 2254ی ساڵی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها، حکومەتی سووریا پابەندبکرێت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان.
لە راگەیێندراوی کۆنفرانسەکەدا هاتووە، پێویستە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بە بەشداری هەموو لایەنەکانی وڵاتەکە بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە هیچ نوێنەرێکی کورد لە لیژنەی رێکخستنی دیالۆگەکەدا نییە و درووزەکانیش رەتیانکردووەتەوە بەشداری بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆنفرانسەکە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساوە بڵاوکراوەتەوە، بەشداربووان جەختیان لەوە کردووەتەوە نابێت دەستوەردان لە کاروباری سووریا بکرێت و نابێت سووریاش ببێتە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی. هەروەها، پێویستە حکومەتی راگوزەر پلانێکی ورد و دیاریکراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر ئەو بنەمایە دابنێت.
راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو رێکارێک بۆ دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ سوورییەکان بکات بە جۆرێک کە هاوکاربێت لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان. هەروەها، هەڵگرتنی سزاکانی سەر حکومەتی سووریاش کە لە دوای ساڵی 2011ەوە لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێندرابوو بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان بوو.
لەو کۆنفرانسەدا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەسزاگەیاندنی ئەوانەی دەستیان بە خوێنی سووریەکان سوورە، کرایەوە، ئەمە جگە لە پاڵپشتیکردنی تیمەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووانی وڵاتەکە.
سەرۆکی فەرەنسا: قەرزاری هەسەدەین
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "ئێمە وەفامان هەیە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هاوپەیمانێکی بەنرخ بوون لە جەنگی دژی تیرۆر. ئێمە وەفادارین لە بەرامبەر هاوپەیمانەکانمان چونکە دەزانین چۆن قەرزاریانین." گوتیشی: "هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون کە بە ئازایەتییەوە شان بە شانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕیان کرد."
سەرۆککۆماری فەرەنسا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018 کردی، کاتێک هێزەکانی لە چەند ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کشاندنەوە، لەلایەن فەرەنسا و ئەورووپاوە دووبارە ناکرێتەوە.
ماکرۆن لە بارەی هەسەدەوە گوتی: "لەم ساتەدا، ئەرکی ئێمەیە کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزین و وازیان لێ نەهێنین وەک ئەوەی هەوڵماندا لە 2018 بیکەین، کاتێک کشانەوەی سەرەتایی هەبوو."
ماکرۆن هەر سەربارەت بە هەسەدە گوتی، "دەمەوێت لێرەدا پێتان بڵێم کە تێکەڵبوونی تەواوی ئەوان لە قۆناخی راگوزەری سووریادا، سەرەتا خزمەت بە ئامانجی ئاسایشی ئێوە دەکات، چونکە ئەوان شەڕکەری بەهێز و زۆرن. پێشموایە بەرپرسیارێتی ئێوە ئەمڕۆ ئەوەیە کە تێکەڵیان بکەن و رێگەشیان پێبدەن ببنە بەشێک لەو هێزانەی کە هەمان ئامانجیان هەیە، بۆ شەڕکردن دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی سەقامگیریتان تێکدەدەن، هەروەها بۆ پاراستنی سەروەریتان."
ماکرۆن هەروەها داوای لە سەرکردە نوێیەکانی سووریا کرد، لە شەڕی دژی داعش دا بەشدار بن. "رووبەڕووبوونەوەی داعش، کاری هەرە لە پێشە. بۆیە دانانی هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ هاوپەیمانی[ـی نێودەوڵەتی] بیرۆکەیەکی زۆر باشە."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەسەدە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش. ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، کە دەکرێت رێکخراوە پەڕگیرەکە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سووریا و عێراقیش.
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە لە 8ی کانوونی یەکەمی2024، ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان دەکرێن، هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردوونەتەوە.
فەرەنسا، ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی دیکەیان داوایان لە تورکیا کردووە کۆتایی بە هێرشەکانیان بێنێت و دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقیشیان هانداوە گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سووریای نوێ.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن تورکیاوە کە پشتیوانێکی سەرەکیی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقە، بە "تیرۆریست" و لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دادەنرێت.
فوئاد حوسێن: هاوئاهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هەبێت
فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق بە پێویستى دەزانێت پلانى کارى هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێشخەریی بکرێت بە هاوئاهەنگى لەگەڵ ئیدارەى نوێى سووریا و هاوپەیمانان لە دژى داعش و گرووپە گرێدراوەکانى.
ئەو گوتانەى وەزیرى دەرەوەى عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکى بوو لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا لە پەراوێزى کۆنفرانسى پاریس لە بارەى دۆخى سووریا.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە گۆڕانکارییە ئەمنییەکان لە ناوچەکە کراوە، لەوانە بنبڕکردنى داعش و ئەو گرووپانەى گرێدراوى رێکخراوەکەن، کە بەگوێرەى راگەیێندراوەکە چالاکییەکانیان لە سنوورى نێوان عێراق و سووریا زیادیکردووە.
فوئاد حوسێن گوتی: "پێویستە پلانى کارى هاوبەش دابڕێژرێت و ئۆپەراسیۆنى سەربازی بە هاوئاهەنگى لەگەڵ ئیدارەى نوێى سووریا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ