وەزیری دەرەوەی سووریا: هەسەدە هاوبەشی ئێمەیە نەوەک دووژمن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی وەک "دووژمن" سەیری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ناکات و بە "هاوبەش"ـی خۆیانی دەزانێت. هەروەها ئامادەیی دیمەشقیشی نیشاندا بۆ وەرگرتنەوەی بەندکراوە سوورییەکانی داعش لە عێراق.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پانێڵێکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەسەدە گوتی: "ئێمە هەڵوێستی خۆمان لە بەرامبەر هەسەدە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان دیاری دەکەین، ئەمەش لەلایەن ئەمریکا و تورکیاشەوە پەسندکراوە."
 
شەیبانی جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی نوێی دیمەشق "گەرەنتییە بۆ داهاتووی سووریا" و ئاشکرای کرد کە دوێنێ لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەتەوە و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە.
 
وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێ لەگەڵ مارکۆ روبیۆ کردمان، کە جەنەڕال مەزڵوم لە تەنیشتمەوە بوو، نیشانی دەدات کە حکومەتەکەمان بە چ روانگەیەک کار دەکات. ئێمە وەک دووژمن تەماشەی هەسەدە ناکەین، ئەوان هاوبەشی ئێمەن و دەتوانن لەژێر چەتری گشتگیری ناسنامەی نیشتمانی کارمان لەگەڵ بکەن."
 
بە گوتەی شەیبانی، سووریا بەرپرسیارێتیی هەموو سوورییەکانە و نابێت ناسنامەی نیشتمانی تایبەت بکرێت بە تەنیا یەک نەتەوە، ئایین یان مەزهەب، بەڵکو دەبێت دامەزراوەکان فرەڕەنگ بن.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی سووریا تیشکی خستە سەر پرسی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق و رایگەیاند، پرۆسەکە "ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکا بووە".
 
ئەسعەد شەیبانی گوتی: "لەو بوارەدا هەر شتێکمان لە دەستبێت پشتیوانی عێراق دەکەین. بڕوامان وایە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە."
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چەکدارانەی گوێزراونەتەوە بۆ عێراق، شەیبانی گوتی: "بەشی زۆری ئەو بەندکراوانە سووریین و دەتوانین بیانگەڕێنینەوە بۆ سووریا، بۆ ئەوەی بارگرانیی سەرشانی عێراق سووک بکەین."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە