سووریا رازی بووە دەروازەی بابولهەوا بۆ شەش مانگی دیکە بە کراوەیی بمێنێتەوە

14-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سووریا رازیبووە رێککەوتنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابولهەواوە لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەی، بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکرێتەوە، لە کاتێکدا رووسیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆی لەسەر درێژکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییەکان لە رێگەی دەروازەکەوە بۆ ماوەی نۆ مانگ کرد.
 
رۆژی هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، بەسام سەباغ، نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە میدیاکانی راگەیاند، وڵاتەکەی رازیبووە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابولهەواوە، لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکاتەوە. 
 
نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، بڕیارەکەی بە "بڕیارێکی سەروەری" ناوبردوو و رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش لە بڕیارەکە ئاگادارکراونەتەوە. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 11-7-2023، ئەو ماوەیە کۆتایی پێهات کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2014ەوە درێژی دەکاتەوە بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابولهەواوە لە تورکیاوە بگەیێندرێنە باکووری رۆژئاوای سووریا.
 
رۆژی سێشەممە، 12-7-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دەنگدان لەسەر بە کراوەیی هێشتنەوەی دەروازەی بابولهەوا بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکە کۆبووەوە، بەڵام رووسیا ڤیتۆی کرد و رێگەی نەدا کردنەوەی دەروازەکە بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکە درێژبکرێتەوە. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کە بەشێکی رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە، پێویستییان بە ئاوی خواردنەوە، خۆراک و دەرمان هەیە. 
 
شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ شەڕەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە