رووداو دیجیتاڵ
شەڕی نێوخۆیی لە سووریا سەری هەڵدایەوە، لە سنووری سوەیدا گرووپە چەکدارەکان و هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە گەڕەکێکی شارەکەش گرووپێکی هۆزەکان لەگەڵ هێزێکی دروزەکان رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، لە لایەکی دیکەش لە سنووری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی حەمزات و سوڵتان موراد هەڵگیرساوە.
شەڕەکەی سنووری سوەیدا، دوای نیوەڕۆی یەکشەممە دەستیپێکردووە، لەکاتێکدا بووە کە پۆلیسی خۆجێیی سەر بە فەرماندەیی ئاسایشی نێوخۆ لە نزیک گوندی (سورە کەبیرە) بازگەیەکیان داناوە و گرووپێکی چەکداری هۆزەکان هێرشیان کردووەتە سەریان.
شەڕەکە چۆن سەریهەڵدا؟
گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممە لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.
مورهەف شاعیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: تاوەکو ئێوارەی یەکشەممە، ژمارەی رفێندراوان گەیشتووەتە 24 کەس.
شەڕی نێوان پۆلیس و چەکدارانی هۆزەکان
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا بازگە دادەنێن، بەڵام گرووپێکی دەشتەکییەکان هێرش دەکەنە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، چەکدارەکان چەند گولـلەهاوەنێکیان ئاراستەی دەوروبەری گوندی "سورە کەبیرە" کردووە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو بازگەکە.
حکومەتی سووریا هێزی بەرەو ناوچەکە جووڵاندا
ئەمە یەکەم رووداوی تووندوتیژیی گەورەیە لە ناوچەکەدا لەدوای ئەو پێکدادانە خوێناوییانەی نیسان و ئایاری رابردوو لەنێوان دروزەکان و هێزە ئەمنییەکان روویاندا و دەیان کوژراوی لێکەوتەوە.
لە شەوی رابردووەوە، حکومەتی سووریا هێزی بۆ ناوچەکە جووڵاندووە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە پێکدادانە چەکدارییەکان و بۆردوومانی یەکدیدا لە گەڕەکی مەقووس لە رۆژهەڵاتی شاری سوەیدا و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە، 50 کەس کوژراون، کە نزیکەی 30 کەسیان دروزن (دوویان منداڵن) و نزیکەی 15 کەسی دیکە لە هۆزە دەشتەکی (بەدەوی)یەکانن و شەش کەسیش لە هێزەکانی نێوخۆی حکومەتی سووریا کوژراون. هەروەها نزیکەی 100 کەس برینداربوون.
ئاگری شەڕ گەیشتە حەسەکە
لە شاری سەرێکانی، کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای حەسەکە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی گرووپی حەمزات و سوڵتان موراد سەریهەڵدا.
بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێکدادانەکان لە گەڕەکی "نفووسی کۆن" لە ناوەڕاستی شارەکە بووە و لەسەر ئۆپەراسیۆنێک بووە کە دزیی تێدا کراوە.
هەردوولا لە رووبەڕووبوونەوەکاندا چەکی قورس و هاوەنیان بەکارهێناوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوواندا.
سینەم محەممەد: حکومەتی سووریا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی دۆخی وڵات بکات
سینەم محەممەد، نوینەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن، لەبارەی سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوخۆیی لە سووریا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: پێموانییە شەڕ لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا سەر هەڵبدات، ئێمە شەڕمان ناوێت و بۆیە ئەو رێککەوتنە کرا، رێگری لە شەڕی نێوخۆیی بکات.
سینەم محەممەد دەڵێت: ئێستا لەنێو دروزەکانەوە شەڕ و ئاڵۆزی هەیە، لەنێو عەلەوییەکانیش بەهەمان شێوە، تەنانەت لە حەلەب و حومسیش کۆنترۆڵی باش نییە و هێزەکانیان ناتوانن ئارامی بپارێزێن. "بۆیە ئەمریکا دەیەوێ رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بە زوویی جێبەجێ بکرێت، چونکە هەسەدە ئەوەی پێدەکرێت."
هەسەدە سەرکۆنەی هێرشەکانی سوەیدا دەکات
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، هێرشە دوژمنکارییەکانی سەر گوند و شارۆچکەکانی سوەیدا شەرمەزا دەکەین.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، لە هێرشەکانی سوەیدادا ژمارەیەکی زۆر کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان ماڵ و کێڵگە سوتێنراون و تاڵانکراون، هێرشە بەردەوامەکان دژی گەلەکەمان لە سوەیدا جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: "هێرشە بەردەوامەکان دژی گەلەکەمان لە سوەیدا، تێکشکاندنی هیوای خەڵکی سووریایە، داوا دەکەین کە ئەم هێرشانە رابگیرێن و دووبارە نەبنەوە. پێویستە هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای بەدیهێنانی هیواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا چارەسەر بکرێن."
هەوڵی رێبەری دروزەکان و پیاوماقووڵان بۆ راگرتنی شەڕەکە
مورهەف شاعیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا لە لێدوانەکەیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی هەوڵی ئاشتەوایی کرد و رایگەیاند، " لەلایەن پیاوماقووڵان و حکومەتی سووریاوە هەوڵ هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر سەقامگیریی نێوخۆیی و راگرتنی ئەم ئاژاوەیە."
بە گوتەی مورهەف شاعیر، بەڕێوەبەرایەتیی رووحانی دروزەکان پارێزگای سوەیدا بە نوێنەرایەتیی شێخ هەجەری، رێبەری دروزەکان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای راگرتنی پێکدادان و ئاژاوەکەی کردووە. هەروەها بەیاننامەیەک بە ناوی هۆزەکانەوە و بەیاننامەیەکیش بە ناوی لایەنی شێخ حەموود ئەلحەناوییەوە دەرچووو، هەروەها پارێزگاری سوەیدا و فەرماندەی پۆلیسیش، هەموویان داوایان کردووە شەڕ رابگیرێت، بەتایبەتی کە هەندێک کەس هەن سوود لە ئاژاوەی سوەیدا وەردەگرن بۆ ئەوەی لە شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئاشتیی ناوخۆیی بدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ