رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، شەوی هەینی ژنێک بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە گەڕەکی مەزێی باشووری رۆژئاوای دیمەشقی پایتەخت بریندار بوو و دامودەزگەکانیش لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی تەقینەوەکە دەکەن.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) رایگەیاند، "دەنگی تەقینەوەیەک لە ناوچەی مەزێ بیسترا و لێکۆڵینەوە لە سرووشتی تەقینەوەکە دەکرێت."
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە بووەتەهۆی "برینداربوونی ژنێک."
دواتر، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە بەهۆی "هێرشی چەند کەسێکی نەناسراوەوە بووە کە خانوویەکیان لە ناوچەی مەزێ 86 کردووەتە ئامانج."
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێزە ئەمنییەکان "لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران دەکەن."
ئەو وێنانەی لە لایەن تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە بڵاوکراونەتەوە، نیشانی دەدەن کەلێنێک لە دیواری یەکێک لە ژوورەکانی خانووەکەدا دروستبووە، کە لە شوێنەواری مووشەک یان گولـلەهاوەن دەچێت.
دەنگی تەقینەوەکە لە چەند گەڕەکێکی دیکەی دیمەشقیش بیستراوە.
سەمیح سەقر، پزیشکێکی تەمەن 37 ساڵ، کە دانیشتووی گەڕەکەکەیە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "دەنگی تەقینەوەیەکم بیست کە پێشتر دەنگێک هات لە دەنگی کەوتنی مووشەک دەچوو."
ئەو پزیشکە بینیویەتی هێزە ئەمنییەکان و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بەپەلە چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
گەڕەکی مەزێ شوێنی چەند پێگەیەکی گرنگی سەربازییە، لەنێویاندا بنکەی ئاسمانیی مەزێ، کە لە ساڵی 2023ـەوە چەندین جار کەوتووەتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ