سەرۆکایەتیی رووحانی دروزەکان: پێشوازی لە هاتنی هێزە ئەمنییەکان دەکەین

15-07-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکانی سووریا، پێشوازیی لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان و دابینکردنی ئاسایشی پارێزگای سوەیدا.
 
لە بەیاننامەیەکدا، سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکان، داوای لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی پارێزگای سوەیدا کردووە کە هاوکاریی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن و دژایەتیی هاتنەناوەوەیان نەکەن، هەروەها چەکەکانیان رادەستی وەزارەت بکەن.
 
جەختیش لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی سووریا کراوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی رووداوەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە هاوکاریی خەڵکی پارێزگاکە.
 
سێ رۆژە شەڕ و پێکدادان لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای پارێزگای سوەیدا بەردەوامە. شەڕەکان لە دەوروبەری گوندی کەنناکر و لە شارۆچکەکانی ئەلسەعلە و ئەلمەزرەعە چڕبوونەتەوە، لەنێوان گرووپە دروزەکان و گرووپە چەکدارە دەشتەکییەکان (بەدەوی) لەلایەک و لەلایەکی دیکە رووبەڕووی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا بوونەتەوە.
 
بەپێی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکان، ئەم هەڵوێستە دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنانە دێت کە لە رۆژانی رابردوودا پارێزگای سوەیدای گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر قوربانی. ئەمەش لە پێناو رێگریکردن لە خوێنڕشتن و گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ پارێزگاکە و لە باوەڕبوون بەوەی کە بەدیهێنانی ئەمە "پێویستی بە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە بەسەر پارێزگاکەدا لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە، بەتایبەتی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی."
 
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، هێزە ئەمنیەکان دەست بە چوونە ناوەوەی ناوەندی شاری سوەیدا دەکەن، ئەمەش دوای ئەو رووداوە خوێناوییانەی کە بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس. 
 
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، عەمید ئەحمەد دالاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای سوەیدا رایگەیاند: "لەپێناو پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای سوەیدا و، دوای رووداوە خوێناوییەکانی شارەکە، هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری دەست بە چوونە ناو ناوەندی شاری سوەیدا دەکەن، بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و گێڕانەوەی ئاسایش."
 
دالاتی ئاماژەی بەوەکرد " لە کاژێر هەشتی بەیانییەوە تاوەکو ئاگادارییەکی دیکە، قەدەخەی هاتووچۆ لە شارەکە رادەگەیەنین، ئەمەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی خەڵکەکەمانە لە شارەکەدا."
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا داوای لە خەڵکی سوەیدا کرد، لە ماڵەکانیان بمێننەوە. "جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی رێگریکردن لە گرووپە چەکدارە یاساشکێنەکان لە بەکارهێنانی باڵەخانەکان وەک سەنگەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی دەوڵەت."
 
بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرکردە ئایینییەکان و فەرماندەی گرووپە چەکدارەکانی بە بەرپرسیاری نیشتمانی و مرۆیی دانا و داوای لێکردن "هاوکاریی تەواومان بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشی سەنتەری شار و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی تەواوی پارێزگاکە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە