وەزیری دەرەوەی سووریا: وڵاتەکەمان نابێتە عێراق و لیبیا

16-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دڵنیاکردەوە لەوەی سەرکردایەتیی نوێی سووریا، هیچ جەنگێک هەڵناگیرسێنێت و دەرفەتێکی پێکەوەژیانی نوێش بە خەڵکەکەی دەدات. 
 
رۆژی شەممە (15ـی شوباتی 2025) ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، رایگەیاند لەدوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەردەمی دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیان بەسەرچووە و سیستمێکی حکومڕانیی نوێ پەیڕەو دەکەن، کە رەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی سووریا بێت و بە پێشڕەوی و خاوەنداریێتی سووریاییەکان بکات.
 
وەزیری دەرەوەی سووریا، گوتی "نموونەی سووریا، جیاوازە لەگەڵ عێراق و لیبیا. خەڵکی سووریا پەندیان لەو ئەزموونانە وەرگرتووە، هەروەها لەو هەڵانەی کردمان و لە ناوچەکە کران. ئێمە دەمانەوێت سەرجەم کۆمەڵگەی سووریا کۆبکەینەوە و رێگری لە هەر کردارێک بکەین، کە زیان بە سەقامگیری و دەستکەوتەکانمان دەگەیێنێت."  
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی سووریا ئاماژەی بە فرەنەتەوەیی سووریا کرد و رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی نوێ پاڵپشتی ئەو خاڵە بەهێزەی سووریا دەکەن. دەشڵێ "جیهان تووشی سەرسوڕمان دەبێت بە تێگەیشتوویی و کراوەیی خەڵکی سووریا لە نوێنەرایەتیکردنی خۆیان." 
 
وەزیری دەرەوەی سووریا، هەروەها رایگەیاند سەرکردایەتیی نوێی دیمەشق، دەیەوێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی کرد سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگرن.
 
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند "لەدوای دەستبەکاربوونییەوە، مامەڵەکانمان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا سنووردار بوون، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان هەبێت و زۆر شت هەن ئێمە لەسەری کۆکین، بۆیە ئاسایش و سەقامگیریی سووریا، لەبەرژەوەندیی ئەمریکا و تەواوی جیهانە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لەکاتی واژۆکردنی دەستووری کاتی.

ئێزدییەکانی سووریا و رۆژئاڤا: دەستووری کاتی پێشێلکردنی مافی کەمینە ئاینییەکانە

نوێنەرانی رێخکراو، کۆمەڵە و دامەزاراوەکانی کوردی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ناڕەزایی بەرامبەر بە دەستووری کاتیی سووریا دەردەبڕن و دەڵێن، بەندەکانی پێشێلکردنێکی ئاشکرای بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانە لە سووریا.