بەشداربوویەکی کۆبوونەوەی عەفرین: شەرع بەڵێنی دا پێشێلکاریی گرووپە چەکدارەکان نەهێڵێت

16-02-2025
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ئەحمەد شەرع لە عەفرین
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ئەحمەد شەرع لە عەفرین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سووریا سەردانی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ کەسایەتی و خەڵکی ناوچەکە کۆبووەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین، کە لە کۆبوونەوەکە ئامادە بوو، رایگەیاند شەرع بەڵێنی دا نەهێڵن پێشێلکاری لە عەفرین بکرێت و نووسینگەیەکی تۆمارکردنی سکاڵا دەکەنەوە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەنێرنە عەفرین.
 
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین، کە خۆی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ (شەممە، 15-2-2025) ئامادەبووە لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی نوورۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکەشی دەکات، گوتی کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاژێر درێژەی کێشا و وەک ئەنەکەسە بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە شاندێک لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها کەسایەتیی جیاواز، ئایینی و ئەنجوومەنی خۆجێی و سەرۆکی شارەوانییەکان ئامادە بوون. 
 
ئەحمەد حەسەن گوتی هیچ نوێنەرێکی گرووپە چەکدارەکان لە کۆبوونەوەکە نەبوون، 98٪ـی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کوردانی عەفرین بوون، عەرەبە بەشداربووەکانیش ئەوانە بوون کە دەیان ساڵە نیشتەجێی عەفرینن.
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە دەڵێت نامەیەکمان بە ناوی ئەنەکەسە لە عەفرین بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا خوێندەوە تێیدا باسی ئەو پێشێلکارییانەمان کرد کە لە عەفرین دەکرێن.
 
 
ئەحمەد حەسەن هەروەها گوتی "سەرنجمان خستە سەر بڕینی دارەکان، کە بەشێوەیەکی دڕندانە دەکرێت، بەتایبەتی لەم قۆناخە راگوزەرەی سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، گرووپە چەکدارەکان ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینن؛ بڕینی دارەکان و بازرگانی خۆیان لە عەفرین زیاد کردووە."
 
بە گوتەی ئەحمەد حەسەن، بابەتێکی دیکە کە بۆ ئەحمەد شەرع باسیان کردووە، زیندانەکانی عەفرین بووە؛ بەگوتەی ئەو "هەتاوەکو ئێستا نەکراونەتەوە و بە سەدان خەڵکی ئێمە لە زیندانەکاندان. لەلایەکی دیکەشەوە هێشتا خەڵکی ئێمە کە دەگەڕێنەوە عەفرین لە رێگەدا دەگیرێن و لە زیندانەکانی مارح، ئەعزاز و راعی دەگیرێن."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی لە کۆبوونەوەکە دا باسی باجیان کردووە، کە رۆژانە گرووپە چەکدارەکان لە خەڵکی عەفرین وەریدەگرن و بە هەزاران دۆلار لە خەڵک بە زۆر وەردەگیرێت. هەروەها باسی ئەو خانوو و ماڵانەی خەڵکی رەسەنی عەفرینیان کردووە، کە سەرەڕای ئەوەی بەتاڵن، بەڵام هێشتا کلیلەکانیان لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندایە و نایدەنەوە خاوەنە رەسەنەکانیان.
 
سەبارەت بە وەڵامی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا و بەڵێنەکانی بۆ خەڵکی عەفرین، ئەحمەد حەسەن دەڵێت "شەرع لە قسەکانیدا گوتی، یەکەم شاری سەر بە پارێزگای حەلەب کە سەردانی کردووە عەفرینە، ئەویش لەبەر ئەوەی کاتێک لە ئیدلب بوو دراوسێی عەفرین بوو و هەموو پێشێلکارییەکانی دەبینی، بەڵام ئەو کاتە هیچیان لە دەست نەدەهات. شەرع بەڵێنی دا ئەم پێشێلکارییانە نەمێنن." 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاشکرای کرد، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەڵێنی دا لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسینگەیەک بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن خەڵکی عەفرینەوە دەکەنەوە و، هێدی هێدی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەهێننە نێو عەفرین. "شەرع بە خەڵکی عەفرین کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون، گوتی گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین دەردەکەن و ناوێکی دیکەیان لێ دەنرێت." 
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی عەفرین بۆ ناوچەکەی خۆیان، ئەحمەد حەسەن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە لەوەی عەفرینییەکان بگەڕێنەوە سەر جێگە و رێی خۆیان و گوتیشی ئەوان و هەسەدە پێکەوە دیالۆگیان کردووە،بە فەرماندەی هەسەدە مەزڵووم عەبدیی گوتووە، لە هەر ئەگەرێکدا، ئەوان رێکبکەون یان نا، دەبێت خەڵکی عەفرین کە لە ناوچەکانی هەسەدەن، بگەڕێنەوە سەر جێ و رێی خۆیان.
 
سەرۆکی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی "هەتا ئێستا 10 هەزار خێزانی کورد گەڕاونەتەوە عەفرین، لە بەرامبەردا بە سەدان هەزار خەڵکی عەرەب لە عەفرین دەرچوون، کە تەنها لە رۆژی 15ـی شوباتدا لە ناوچەی راجۆ، کاروانێک بە 80 ئۆتۆمبێل و 10 پاس بەیەکەوە دەرچوون." 

 

 

 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد حەسەن
 
 
رووداو: کۆبوونەوەکە چەندی خایاند و باسی چی تێدا کرا؟ 
 
ئەحمەد حەسەن: کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاژێری خایاند، ئێمە وەک ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاگادار کراینەوە، کە نیوەڕۆ پارێزگاری حەلەب سەردانی عەفرین دەکات، بەڵام دواتر لە کاتژمێر 17:00 پێیان راگەیاندین کە سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع سەردانی عەفرین دەکات و وەک ئەنەکەسە بە فەرمی بانگهێشت کراین و بە شاندێک بەشداریمان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا خەڵکی عەفرین، کەسایەتی جیاواز، کەسایەتی ئایینی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی شارەوانی و سەرۆکی شارەوانییەکان ئامادەبوون.
 
رووداو: ئایا نوێنەرانی گرووپە چەکدارەکان لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون؟
 
ئەحمەد حەسەن: نا، 98٪‌ی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە خەڵکی عەفرین بوون و ئەو عەرەبانەش کە بەشداربوون هەر لە پێشدا و لە دەیان ساڵەوە نیشتەجێی عەفرین بوون. سەرەتا پێشوازی لە سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع کرا، دواتر دەرفەتی دا بە کەسانی بەشداربوو کە قسە بکەن.
 
رووداو: ئێمە دەزانین تۆش گوتارێکت لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کرد، بەڵام لە سەرەتای قسەکانیدا ئەحمەد شەرع چی گوت؟ مەبەستی لەم سەردانە چی بوو؟ 
 
ئەحمەد حەسەن: سەرەتا ئەو قسەی نەکرد بەڵکو ئێمە قسەمان کرد، دواتر ئەو قسەی کرد.
 
رووداو: باشە، لە قسەکانتدا، باسی چیت کرد و داوای چیت کرد؟ 
 
ئەحمەد حەسەن: ئێمە نامەیەکمان بە ناوی ئەنەکەسە لە عەفرین بۆ سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع خوێندەوە و لە نامەکەماندا باسی هەموو ئەو شتانەمان کرد کە لە عەفرین دەکرێن. باسی ئەو پێشێلکارییانەمان کرد کە لە عەفرین دەکرێن. باسی بڕینی دارەکانمان کرد کە بە شێوەیەکی دڕندانە دەکرێت، بەتایبەتی لەم قۆناغە گواستنەوەییەدا کە سووریا تێیدا تێدەپەڕێت، گرووپە چەکدارەکان وەک دەرفەتێک بۆ خۆیان دەبینن و بڕینی دارەکان زیادی کردووە و بازرگانییان لە عەفرین زیاد کردووە. هەروەها لە نامەکەماندا باسی زیندانەکانی عەفرینمان کرد، کە هەموو زیندانەکانی سووریا لێخۆشبوونیان بۆ کراوە جگە لە زیندانەکانی عەفرین، کە هەتا ئێستا لێخۆشبوونیان بۆ نەکراوە و بە سەدان خەڵکی ئێمە لە زیندانەکاندان و هەروەها خەڵکی ئێمە کە دەگەڕێنەوە عەفرین لە رێگادا دەگیرێن و لە زیندانەکانی مارح، ئەعزاز، راعی و هەوار کیلیس دەگیرێن. هیوادارین ئەو زیندانانەش لێخۆشبوونیان بۆ بکرێت. باسی باجی زۆرەملێمان کردووە، کە هەتا ئێستا لەو ناوچانەی کە گرووپە چەکدارەکانی لێیە، باج لە خەڵکی ئێمە وەردەگرن و بە هەزاران دۆلار لە خەڵک بە زۆر وەردەگیرێت. هەروەها باسی ئەو خانوو و ماڵانەی خەڵکی رەسەنی عەفرینمان کرد، کە سەرەڕای ئەوەی بەتاڵن، بەڵام هێشتا کلیلەکانیان لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندایە و رادەستی خاوەنە رەسەنەکانیان ناکرێتەوە. هەموو شتێک کە لە عەفرین دەکرێت باسمان کرد و داوامان کرد کە خەڵکی ئێمە دەڵێن دەرفەتیان بۆ بدۆزرێتەوە و ئەم مەترسییانەی کە هەن نەمێنن و بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.
 
رووداو: وەڵامی سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع بۆ ئەم داواکارییانەی ئێوە چی بوو و چ بەڵێنێکی پێدان؟
 
ئەحمەد حەسەن: لە کۆتاییدا سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع قسەی کرد و گوتی بۆچی عەفرینی وەک یەکەم شاری سەر بە حەلەب هەڵبژارد کە سەردانی بکات، شەرع گوتی، من پێشتر لە ئیدلیب بووم و دراوسێی عەفرین بووم و لە نزیکەوە دەمبینی چ زوڵم و پێشێلکارییەک لە عەفرین دەکرێت و جار جار دەمانویست چارەسەری بکەین، بەڵام دەرفەت نەبوو و ئەو کات، کاتی ئەوە نەبوو ئێمە دەست بۆ کاروباری ناوچەی عەفرین ببەین و چارەسەرێک بدۆزینەوە، بەڵام ئێستا کات گۆڕاوە و وەک ئەو گوتی و بەڵێنی دا کە ئێمە ناهێڵین ئەم پێشێلکارییانە بەردەوام بن و ئێمە وا دەکەین کە هەر کەس مافی خۆی بەدەست بهێنێت و بەڵێنی دا کە نووسینگەیەک بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن خەڵکی عەفرینەوە بکەنەوە و هێدی هێدی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بگوێزنەوە عەفرین و ئێمە گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین دەردەکەین و دەیانبەینە شوێنێکی دیکە و ناوێکی دیکەیان لێ دەنرێت. گەلێک بەڵێنیان دا و گوتی ئەم رژێمە رووخاوە زۆر زوڵمی لە خەڵکی سووریا بە گشتی کرد و لە سەر کوردیش. گوتیشی ئێمە و هەسەدە پێکەوە دیالۆگمان کردووە و بە فەرماندەی هەسەدە مەزڵووم عەبدیم گوتووە کە لە هەر ئەگەرێکدا، ئەوان رێک بکەون یان نا دەبێت خەڵکی عەفرین کە لە ناوچەکانی هەسەدەن بگەڕێنەوە سەر جێ و رێگەی خۆیان و گوندی خۆیان. گوتیشی لە دەستووری سووریادا وا دەکەین کە یەکسانی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سووریادا هەبێت.
 
رووداو: سەبارەت بە لێپرسینەوە و دادگاییکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە پێشێلکارییان کردووە، خەڵکیان کوشتووە و رفاندووە، چی داوایەکتان لە سەرۆکی سووریا کرد؟
 
ئەحمەد حەسەن: لە نامەکەماندا گوتمان دەبێت دەوڵەتی یاسا هەبێت و دادگا هەبن، ئەو کەسانەی پێشێلکارییان کردووە دەبێت دادگایی بکرێن. زۆر پێشێلکاری روویدا و مافی خەڵک خورا، زوڵم و زۆر کرا و گوتمان دەبێت یاسا و دادپەروەری رێگەی خۆی بدۆزێتەوە.
 
رووداو: گوتتان ئەحمەد شەرع بەڵێنی داوە کە نووسینگەیەک لە عەفرین بکاتەوە و ئەو کەسانەی کە سکاڵایان هەیە لەوێ تۆماری بکەن، کەی ئەو نووسینگەیە دەکرێتەوە؟
 
ئەحمەد حەسەن: گوتی لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە، دڵنیایی دا کە هەموو شتێک جێگای خۆی دەگرێت، بەڵام پێویستی بە کات هەیە لەبەر ئەوەی قۆناغێکی گواستنەوەیە، بەڵام گوتی لە چەند رۆژێکدا ئەو نووسینگەیە دەکرێتەوە.
 
رووداو: سەبارەت بە بەڕێوەبردنی عەفرین لە رووی کارگێڕییەوە، هیچ بەڵێنێکتان لە ئەحمەد شەرع وەرگرتووە کە چۆن دەبێت، جگە لەوەی کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەنێرێت؟
 
ئەحمەد حەسەن: لەسەر ئەوە قسە نەکرا. ناوچەی عەفرین وەک ئێوە دەزانن پێشتر رێژەی کورد لە عەفرین 97٪-98٪ بوو، لەبەر ئەوە ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە دروست دەبن بۆ کورد دەبێت. ئێستا گەڕانەوەی خەڵکی عەرەب لە ناوچەی عەفرین بۆ ناوچەکانیان زۆر زیاد بووە، بە ژمارەی زۆر دەگەڕێنەوە، بۆ نموونە دوێنێ تەنها لە ناوچەی راجۆ کاروانێک بەڕێکەوت، نزیکەی 80 ئۆتۆمبێل و 10 پاس پڕ خەڵک بوو و دەرچوون وەک چاودێر پێیان گوتین.
 
رووداو: ئەمەش بابەتێکی گرنگە، لەم دوو مانگەدا چەند خێزانی عەرەب لە عەفرین دەرچوون و گەڕاونەتەوە شوێن و ماڵی خۆیان؟
 
ئەحمەد حەسەن: زۆرن، بە دەیان هەزارن ئەگەر نەبووبێت بە سەدان هەزار. ژمارەیەکی کەم نییە لەبەر ئەوەی شەو و رۆژ دەردەچن.
 
رووداو: چەند خێزانی کورد گەڕاونەتەوە عەفرین؟
 
ئەحمەد حەسەن: کورد زۆرن، سەرووی 10 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لەکاتی واژۆکردنی دەستووری کاتی.

ئێزدییەکانی سووریا و رۆژئاڤا: دەستووری کاتی پێشێلکردنی مافی کەمینە ئاینییەکانە

نوێنەرانی رێخکراو، کۆمەڵە و دامەزاراوەکانی کوردی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ناڕەزایی بەرامبەر بە دەستووری کاتیی سووریا دەردەبڕن و دەڵێن، بەندەکانی پێشێلکردنێکی ئاشکرای بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانە لە سووریا.