رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوەکانی شاری سوەیدا و دەوروبەریدا کە لە یەکشەممەی رابردووەوە سەریانهەڵدا، تاوەکو ئەمڕۆ بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، 248 کەس کوژراون. سەرۆکی روانگەکە دەڵێت، "هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ناوەناوە شەڕ و بۆردوومان دەکرێت."
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە نیوەشەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەوە بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی شاری سوەیدا و گوندی سەهوە بەلاتە، بە بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.
بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، هێڵی ئینتەرنێت و کارەبا لەسەر دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری بڕاوە.
بەپێی ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری قوربانییەکان تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە کە 248 کەس کوژراون، لەو ژمارەیەش 71 کەس لە خەڵکی پارێزگای سوەیدا، لەنێویاندا چوار منداڵ و دوو ژن هەن، هەروەها 156 چەکداری وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی کوژراون کە 18 کەسیان لە هۆزە دەشتەکییەکانن (بەدەوی)، 21 کەسیش راستەوخۆ گولـلەباران کراون کە سیانیان ژنن.
کارەبای نەخۆشخانە بڕاوە "مەترسیی کارەساتی مرۆیی هەیە"
روانگەی سووری دەڵێت، بۆردوومانی پچڕپچڕی ناوچەکانی نزیک نەخۆشخانەکان بووەتە هۆی ئەوەی گەیشتنی تیم و پێداویستییە پزیشکییەکان لە دەرەوەی شارەوە ئەستەم بێت و، تیمە پزیشکییەکانی ناو نەخۆشخانەی سوەیدا زیاتر لە 72 کاژێرە بەردەوام کار دەکەن، "لە کاتێکدا کەمیی کارمەند و پێداویستی هەیە و کارەبا بە تەواوی لە نەخۆشخانە نیشتمانییەکە بڕاوە، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی لێدەکرێت."
لەڕووی مەیدانییەوە، پێکدادانەکان لە شاری سوەیدا لە گۆڕەپانی تشرین و دەوروبەری چڕبوونەتەوە، "نیشانشکێنی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە ناوەڕاستی شارەکەدا جێگیر بوون."
بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سووری، لە چەند کاژێری رابردووشدا، گرووپێک لە چەکدارانی هۆزەکان و هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا، هێرشێکی نوێیان لە ناوچەی مەقوەسەوە بەرەو گۆڕەپانی تشرین دەستپێکردووەتەوە و گۆڕەپانەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
رامی عەبدولڕەحمان دەڵێت، "لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان و خراپبوونی دۆخی ئەمنی و مرۆیی، بانگەوازەکان لە ناوخۆی شارەکەوە بەردەوامن بۆ راگرتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، دابینکردنی رێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و پاراستنی تیمە پزیشکییەکان و خەڵکی مەدەنی."
شەڕەکە چۆن سەریهەڵدا؟
گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممەی رابردوو، لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.
مورهەف شاعیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: تاوەکو ئێوارەی یەکشەممە، ژمارەی رفێندراوان گەیشتووەتە 24 کەس.
هەمان رۆژ، رامی عەبدولڕەحمان گوتی، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزی پشتیوانیی بۆ سوەیدا ناردووە کە چەکی جۆراوجۆریان پێیە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و پشتیوانی ئەو بازگانە بکەن کە هێرشیان کراوەتە سەر.
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا بازگەیان دانا، بەڵام گرووپێکی دەشتەکییەکان هێرشیان کردە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان دانەوە.
بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، چەکدارەکان چەند گولـلەهاوەنێکیان ئاراستەی دەوروبەری گوندی "سورە کەبیرە" کردووە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو بازگەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ