رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل کۆمەڵگەی ئەرکانی گشتیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریای لە دیمەشق بۆردوومان کردەوە. ئیسرائیل دەڵێت، "کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا کراوەتە ئامانج." لەکاتی پەخشی راستەوخۆی رووداویش لە دیمەشق فڕۆکەی ئیسرائیل بۆردوومانی کرد.
سۆلین حەمەدەمین، پەیامنێری رووداو لە پایتەختی سووریا لەکاتی چرکەساتی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر دیمەشق، لە شوێنەکە بوو و رایگەیاند، "کۆمەڵگەی ئەرکانی گشتیی سووریا راستەوخۆ لەپشت ئێمەوە بۆردوومان کرا."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "بارودۆخی باشووری رۆژئاوای سووریا مەترسیدارە." هاوکات یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "هێرشە تووندەکانمان بۆسەر سووریا دەستیپێکرد."
لە رووداوەکانی شاری سوەیدا و دەوروبەریدا کە لە یەکشەممەی رابردووەوە سەریانهەڵدا، تاوەکو ئەمڕۆ سەدان کەس کوژراون. سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ناوەناوە شەڕ و بۆردوومان دەکرێت."
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە نیوەشەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەوە بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی شاری سوەیدا و گوندی سەهوە بەلاتە، بە بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.
شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم هەفتەیەی دەوروبەری شاری سوەیدا لەنێوان چەکدارانی کەمینەی دروز، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و ئەندامانی هۆزە دەشتەکییەکان (بەدەوییەکان) روویدا. ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ دروزەکان راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ