رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، حکومەت و کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگای سوەیدا، گەیشتنە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و گەڕاندنەوەی پارێزگاکە بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت. بەپێی رێککەوتنەکە، ئاگربەستێکی گشتگیر رادەگەیێندرێت، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لە شارەکەدا بڵاوەیان پێدەکرێت و دامەزراوەکانی دەوڵەت کارا دەکرێنەوە.
رۆژی چوارشەممە 16-7-2025 وەزارەتی ناوخۆی سووریا راگەیێندراوێکی لە بارەی ئاڵۆزییەکانی سوەیدا و رێککەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکانی پارێزگاکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە "لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییەکانی خەڵکی پارێزگاکە" واژۆ کراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بڕیارە لیژنەیەکی چاودێریی هاوبەش پێکبهێندرێت کە نوێنەرانی حکومەتی سووریا و "شێخە بەڕێزەکان"ی پارێزگاکە لەخۆبگرێت. هەروەها لیژنەیەکی دیکەی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و پێشێلکارییەکان پێکدەهێندرێت و زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریادا هاتووە، "ئەم رێککەوتنە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بەرەو دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لەنێوان رۆڵەکانی سوەیدا و دەوڵەتی سووریادا."
ئەم رێککەوتنە لەکاتێکدایە کە سوەیدا بۆ ماوەیەکی درێژ وەک ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆ لەڕووی ئەمنییەوە لەلایەن گرووپە خۆجێیەکانەوە بەڕێوەدەبرا و دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق تێیدا لاواز ببوو.
گرژییەکانی سوەیدا رۆژی شەممەی رابردوو روویاندا، کاتێک گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لەوەتەی پێکدادانەکان لە سوەیدا دەستیانپێکردووە، زیاتر لە 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتین لە:
- ئاگربەستی دەستبەجێ: راگرتنی هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە راگرتنی تەقە.
- گەڕانەوەی هێزە ئەمنییەکان: بڵاوکردنەوەی بازگەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆی سەر بە دەوڵەت لەناو شاری سوەیدا و دەوروبەری، بە بەشداریی کارمەندانی خەڵکی پارێزگاکە.
- رادەستکردنی چەکی قورس: رێکخستنی میکانیزمێک بە هاوکاریی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.
- گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت: کاراکردنەوەی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت و جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی تەواوی حکومەتی سووریا بەسەر هەموو خاکەکەیدا.
- ئازادکردنی دەستگیرکراوان: کارکردن بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەم دواییە و ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان.
- دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان: دەستبەجێ کارکردن بۆ دابینکردنی ئاو، کارەبا، سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ پارێزگاکە.
- پاراستنی رێگای دیمەشق- سوەیدا لەلایەن دەوڵەتەوە و دڵنیابوون لە سەلامەتیی گەشتیاران.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەم رێککەوتنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ