رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی سەرکۆنەی تووندوتیژییە خوێناوییەکانی پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا و هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر دیمەشق و ناوچەکانی دیکەی کرد.
رۆژی چوارشەممە، 16ی تەممووزی 2025 ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەڵوێستی روون و یەکلاکەرەوەی رێکخراوەکەی خستەڕوو و داوای کەمکردنەوەی دەستبەجێی گرژییەکانی لە هەموو لایەنەکان کرد.
دووجاریک رایگەیاند، سکرتێری گشتی "نیگەرانییەکی زۆری" لەبارەی بەردەوامیی تووندوتیژی لە سوەیدا هەیە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس، لەنێویاندا هاووڵاتییانی سڤیل.
دووجاریک جەختی کردەوە، "سکرتێری گشتی بێ دوودڵی هەموو جۆرە تووندوتیژییەک دژی هاووڵاتییانی سڤیل سەرکۆنە دەکات،" بەتایبەتی ئەو راپۆرتانەی کە باس لە "کوشتنی هەڕەمەکی و ئەو کردەوانە دەکەن کە ئاگری گرژیی تائیفی خۆش دەکەن و خەڵکی سووریا لە دەرفەتی ئاشتی و ئاشتەوایی بێبەش دەکەن."
گوتەبێژەکە پرسە و سەرەخۆشیی سکرتێری گشتیی گەیاندە هەموو سووریاییەکان و داوای گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلەی کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و دابینکردنی رێڕەوی ئاسان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.
هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە راگەیێنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکایەتیی سووریا کرد کە تێیدا بەڵێنی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە بکەرانی پێشێلکارییەکان دراوە و داوای شەفافییەتی تەواوی لەم پرۆسەیەدا کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بە فەرمی پشتڕاستی کردووەتەوە، بارەگای سوپای سووریا و ناوچەیەکی نزیک لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق کردووەتە ئامانج و رایگەیاندووە کە هێزەکانی لە غەززەوە بۆ سنووری سووریا دەجووڵێنێت. بەرپرسانی ئیسرائیل، لەوانە وەزیری بەرگری و سەرۆکوەزیران، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم کارانە بۆ پاراستنی کەمینەی دروزی سووریایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ