مەزڵووم عەبدی داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکات

17-02-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا کرد، داوای لێکرد سەردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکات. هەروەها ئاشکرای کرد کە دیمەشق سێ داواکاری لە ئیدارەی خۆسەر هەیە.
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا، وێرای پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع، هیوای خواست، شەرع بتوانێت لەم قۆناخە هەستیارەدا سەرکردایەتیی سووریا بکات.
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند: "هێزەکانمان پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکەن، کە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و یەکێتیی نیشتمانی بێت".
 
سەبارەت بە چارەنووسی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولا، عەبدی گوتی: "هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی زەوینەیەکی گونجاو بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی سوریا لە دیمەشق بەردەوامن". 
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێیوایە، "دیالۆگی جیددی و ئامانجدار باشترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بەدیبهێنێت."
 
سێ داواکارییەکەی دیمەشق چین؟
 
مەزڵووم عەبدی، داواکارییەکانی دیمەشقی لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دیمەشق داوای لێکردوون شەڕڤانە ناسوروییەکان لە ریزەکانیاندا دەربکەن، دۆسیەی ئەمنی رادەستی حکومەت بکەن کە دەستگیرکراوانی داعشیش دەگرێتەوە، هەروەها دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندی بگەڕێنەوە بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەبارەت بەو داواکارییانەی دیمەشق گوتی، لەلایەن خۆیانەوە کراوەن بۆ هاوکاری لەم بوارەدا، چونکە باوەڕیان وایە پاراستنی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و پێویستی بە هاوئاهەنگی باڵای نێوان هەموو لایەنەکان هەیە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیریی سووریا.
 
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025 ئەحمەد شەرع، بە سەرۆکایەتیی شاندێک. سەردانی عەفرینی کرد و لەگەڵ کەسایەتی و خەڵکی عەفرین، نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و چالاکڤانان و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە کۆبووەوە.
 
مەزڵووم عەبدی گوتی: "دەستپێشخەرییەکی گرنگ بوو بۆ هاندانی گەڕانەوەی  دانیشتوانە رەسەنەکان و بەهێزکردنی دیالۆگ". هەروەها داوای لێکرد سەردانی شارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکات.
 
عەبدی روونیکردەوە کە چەند خاڵێکی رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق هەن و چەند پرسێکی دیکەش هێشتا لە گفتوگۆدان، بەڵام جەختی کردەوە، هێزەکانیان پابەندن بە یەکێتیی سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو سوورییەکاندا، دوور لە جیاکاری.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لەکاتی واژۆکردنی دەستووری کاتی.

ئێزدییەکانی سووریا و رۆژئاڤا: دەستووری کاتی پێشێلکردنی مافی کەمینە ئاینییەکانە

نوێنەرانی رێخکراو، کۆمەڵە و دامەزاراوەکانی کوردی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ناڕەزایی بەرامبەر بە دەستووری کاتیی سووریا دەردەبڕن و دەڵێن، بەندەکانی پێشێلکردنێکی ئاشکرای بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانە لە سووریا.