رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 19ی تەممووز هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا بەڕێوەدەچێت و پەرلەمانتارێکی کوردی لە بەربژێربوون بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کشایەوە.
عومەر ئۆسێ، پەرلەمانتاری کوردی پەرلەمانی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سووریا کشاوەتەوە کە بڕیارە رۆژی 19ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام ئامادەنەبوو هۆکاری کشانەوەکەی روون بکاتەوە.
عومەر ئۆسێ کە لە بازنەی دیمەشق خۆی بەربژێر کردبوو، هەشت ساڵە لە پەرلەمانی سووریادا پەرلەمانتاری کوردە و ئێستاش لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە تاکە کوردە.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە بە رووداوی گوت، بەردەوام لە پەرلەمانی سووریادا بەرگری لە کورد کردووە و هەمیشەش جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دابینبکرێن.
عومەر ئۆسێ ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین جار لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی سووریادا داوایکردووە گفتەگۆ لەنێوان دیمەشق و کوردانی وڵاتدا بکرێت و گوتیشی، لەسەر ئەرکە نەتەوەییەکانی بەردەوام دەبێت، ئیدی لە هەر پێگە و شوێنێکدا بێت.
عومەر ئۆسێ ساڵی 1958 لەدایکبووە. بەشی کیمیای جێبەجێکاریی لە زانکۆی دیمەشق تەواوکردووە. لە گفتوگۆکانی ئاشتی لە جنێڤ ئەندامی شاندی سووریایە. سەرۆکی دەستپێشخەریی نیشتمانیی کوردانی سووریایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ