رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، ئاواتیان بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ تورکمان، عەرەب، کورد، سوننە و عەلەوییە لە سووریا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو خواستە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار بەدی دێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئاسایش لە ئۆزبەکستان، لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان باسی لە دۆخی سووریا کرد و گوتی، "رێککەوتننامەی 10ی ئادار پەیوەندی بە هەموو ناوچەکەوە هەیە. پێویستە گەیشتن بە ئامانجەکانی لەبەرچاو بگیرێ و ئەوە بۆ سووریا ئەنجامێکی خێری دەبێت."
ئەردۆغان گوتی، "داوای خۆشگوزەرانی دەکەین بۆ تەواوی برایانی تورکمان، عەرەب، کورد، سوننە و عەلەوی لە وڵاتی برامان لە سووریا بە بێ جیاوازی. رێککەوتنی 10ـی ئادار ئەو ویستە بەهێز دەکات."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی پرسی دەستووری نوێی بۆ تورکیا کرد و گوتی، "خواستمان بەدەستهێنانی دەستوورێکە کە ئازاد، بونیاتنەرانە بێ و هەموو لایەک لەخۆبگرێ. با ئەوە بکەین بۆ ئەوەی گەلەکەمان (بە شانازییەوە) بڵێت، ئەوە دەستووری وڵاتی منە."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە نێوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد و گوتی، "دەستپێشخەرییەکانی بەڕێز ترەمپمان بە ئەرێنی زانین. بە گشتی، لەسەر جەنگ و هەوڵەکان بۆ ئاشتی قسەمان کرد. بەڕێز پووتین وەک هەموو ئەکتەرەکانی دیکە لە هەوڵەکانی تورکیا لەم پرسانەدا ئاگادارە."
ئەردۆغان گوتی، "دوای ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ پووتین، لە دەرفەتێکیشدا پشتیوان بە خودا، لەبارەی پلانی ئاشتی لەگەڵ بەڕێز ترەمپ قسە دەکەم، ئاشتی زۆر دوور نییە و چاوەڕوانکراوە."
لەبارەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای رەش، ئەردۆغان رایگەیاند، "دەریای رەش نابێ شوێنی یەکلاییکردنەوەی مشتومڕەکان بێت. ئەوە لە سوودی ئۆکراینا و رووسیادا نییە. هەموو پێویستیمان بە دەستبەری ئاسایش لە دەریای رەش هەیە."
ئەردۆغان باسی لە دۆخی غەززە کرد و گوتی، "مەرجە ئیسرائیل پابەندی بەڵێنەکانی بێت؛ گرنگە هەموو هەنگاوەکانی ئاگربەست جێبەجێ بکرێن و ژیانی ئاسایی بگەڕێتەوە بۆ غەززە. ئەو قەیرانە ئاسایشییەی کە ئیسرائیل هۆکارییەتی، پێویستە نەمێنێت. تورکیا هیچ کاتێک لە بەرپرسیارێتی راناکات."
لەبارەی پرسی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا، ئەردۆغان رایگەیاند، "بۆ ئەوانیش گرنگە کە بە چاوێکی ستراتیژییەوە سەیری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێمە بکەن. هەنگاوەکانی داهاتووی ئەورووپا ئەو رەوتە بەهێز دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ