سەرچاوەیەکی ئەمنی: هێرشکارەکەی تەدمور ئەندامی ئاسایشی گشتیی سووریا بووە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەو کەسەی رۆژی یەکشەممە هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و سووریا لە نێوەڕاستی بیابانی حومس، ئەندامی دەزگای ئاسایشی گشتی بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دامودەزگەکانیش دوای هێرشەکە زیاتر لە 11 ئەندامی هەمان دەزگایان بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیرکردووە.
 
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە فرانس پرێسی گوتووە، "ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور زیاتر لە 10 مانگە ئەندامی ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریایە. پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ تەدمور، لە چەندین شاری دیکە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی کاری کردووە."
 
سەرچاوەکە گوتی، "راستەوخۆ دوای رووداوەکە، زیاتر لە 11 ئەندامی ئاسایشی گشتی دەستبەسەرکراون و خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوە."
 
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ئەمە یەکەمجارە رووداوێکی لەم شێوەیە دروست دەبێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە بەڵێنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی دا و رایگەیاند، هێرشەکە لە ناوچەیەک روویداوە کە "زۆر مەترسیدار"ـە و لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتی راگوزەری سووریادا نییە.
 
بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە هێرشەکەدا 2 سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکیان کوژران. میدیای سووریاش پێشتر برینداربوونی 2 سەربازی سووری راگەیاندبوو. 
 
پێنتاگۆن رایگەیاند، هێرشکارەکە لە لایەن هێزەکانی سووریاوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە؛ هەروەها برینداربوونی 3 سەربازی دیکەی پشتڕاستکردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد هێزە هاوبەشەکە لە چوارچێوەی ئەرکی پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە تەدمور بوون.
 
لەلایەکی دیکەوە دیمەشق هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە "تیرۆریستی" ناوی برد، هاوکات سەرەخۆشی لە حکومەت و گەلی ئەمریکا کرد.
 
مانگی رابردوو لە کاتی سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا بۆ واشنتن، دیمەشق بە فەرمی چووە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
 
هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بنکەی تەنف لە نزیک سنووری ئوردن جێگیرن. واشنتن دەڵێ، سەربازەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و پشتیوانیی هاوپەیمانە خۆجێیەکانیان لەوێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا. وێنە: پەیجی وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە فەیسبووک

سووریا لەبارەی هێرشەکەی تەدمور: هۆشداریمان دابووە هاوپەیمانان، بەڵام بەهەندیان وەرنەگرت

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێ، هێزەکانیان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیان لە ئەگەری هێرشی داعش لە بیابانەکان ئاگادار کردبووەوە، بەڵام هۆشدارییەکەیان بە هەند وەرنەگرت