رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی رۆحیی درووزەکان لە سوێدا ماتەمینیی گشتی راگەیاند و داوای پشتیوانی لە کورد دەکات. هەروەها داوای کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ ئوردن دەکات.
دوای هێرشێکی خوێناوی بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە پارێزگای سوێدا، سەرۆکایەتیی رۆحیی موسڵمانە یەکتاپەرستەکان (دروزەکان) رۆژی پێنجشەممە 17-07-2025، ماتەمینیی گشتی لە پارێزگاکە راگەیاند و سوێدای وەک "ناوچەیەکی کارەساتبار" ناساند.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی "ئازادیخوازانی سوێدا" کراوە و واژۆی سەرۆکایەتیی رووحیی دروزەکانی لەسەرە، سەرکۆنەی هێرشەکە کراوە و بە "هێرشێکی ترسنۆکانە" ناوی دەبات کە لەلایەن "رێکخراوێکی تیرۆریستیی تاوانکارەوە کراوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە مرۆڤایەتییەوە نییە."
رووداوەکانی سوەیدا، رۆژی شەممە لە رفاندنی گەنجێکی دروزی لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە دەستیپێکرد، دواتر سەری کێشا بۆ جوڵاندنی هێز لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، ئەمەش رووبەرووبوونەوەی سوپا و چەکدارانی دروزی لێکەوتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە دڵێکی شکاو و فرمێسکێکی وشکنەبوو، هەواڵی شەهیدبوونی کوڕان و براکانمان رادەگەیەنین کە بوونە قوربانیی کارەساتێکی خوێناوی."
بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 350 کەس لە هەردوولا کوژراون، هێزەکانی حکومەت بە کۆمەڵکوژکردنی دروزەکان تۆمەتبار دەکرێن، هەروەها بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێن، کە سوکایەتییان بە پیرۆزییەکانی دروز کردووە.
سەرۆکایەتیی رۆحیی دروزەکان دوای پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەکدارەکان، بە فەرمی رایگەیاند: "سوێدا شارێکی کارەساتبارە و برینەکانی قورسن، بۆیە ماتەمینیی گشتی رادەگەیەنین وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی شەهیدەکانمان."
هاوکات داوا لە دانیشتووانی سوێدا کراوە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان بکەن و سەردانەکان کەم بکەنەوە "بۆ رێزگرتن لە دۆخی ماتەمینی و بۆ ئەوەی بوار بۆ تیمە پزیشکییەکان و تیمەکانی بەدواداچوونی پێشێلکارییەکان بڕەخسێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی رۆحیی دروزەکان داوای، کردنەوەی رێگەکان بەرەو "برا کوردەکان" دەکات و رووی داواکارییەکەی ئاراستەی شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کردووە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لەنێوان سوێدا و ئوردن.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە "گرنگیی مرۆیی ئەم رێگەیانە لەم ساتە وەختە هەستیارەدا" کراوەتەوە و هیوای خواستووە هەنگاوی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی ئازاری هاووڵاتییان.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سوێدا خوێنی لێدەچۆڕێت... بەڵێ، بەڵام هەرگیز نادۆڕێت. بە سەربەرزی و خۆڕاگری و شکۆمەندییەوە دەمێنێتەوە، بە هێزی خەڵکەکەی و باوەڕ و یەکێتییان."
وەک هۆشداریییەک بۆ هێزەکانی حکومەتی سووریا، دوێنێ ئیسرائیل باڵەخانەکانی وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای لە دیمەشق بۆردوومان کرد. دواتر شەوی رابردوو هێزەکانی سووریا لە پارێزگای سوەیدا کشانەوە.
دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریا لە سوەیدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا، لە پەیامێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، رایگەیاند، بڕیاریانداوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی سوەیدا بسپێرنە هەندێک لە گرووپە خۆجێیەکان و شێخەکانی عەقل "بۆ ئەوەی وڵات تووشی شەڕێکی فراوانی نوێ نەبێت و رێگە بۆ ئاوەدانکردنەوە خۆش بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ