رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی لیوای باکووری هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لەگەڵ ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە کۆبوونەتەوە و رێککەوتن کراوە لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ سوپای سووریا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی لیوای باکووری هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، دوێنێ لەگەڵ ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات – مەسەدە کۆبوونەتەوە و لایەنەکان گەیشتنە رێککەوتنی گرنگ لە تووندوتۆڵکردنی هاوکاری و سەقامگیرکردنی سووریا.
ئەبو عومەر ئیدلیبی دەڵێت: "رێککەوتن لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' و دامەزراوە ئەمنییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەچوارچێوەی هەیکەلی سوپای سووریا کرا، ئەوەش بە ئامانجی یەکخستنی هەوڵەکان و پتەوکردنی هێزی نیشتمانی."
بە گوتەی ئیدلیبی، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە رێککەوتن لەسەر دووبارە کاراکردنەوەی دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی سەر بە دەوڵەت لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، "بۆ گەرەنتیکردنی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و باشکردنی ئاستی بژێوی دانیشتووان."
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، کە یەکێک بووە لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی نێوان هەسەدە و مەسەدە، رۆژی دووشەممە 17-02-2025 رایگەیاند، دیمەشق داوای لێکردوون شەڕڤانە ناسوورییەکان لە ریزەکانیاندا دەربکەن، دۆسیەی ئەمنی رادەستی حکومەت بکەن، کە دەستگیرکراوانی داعشیش دەگرێتەوە، هەروەها دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندی بگەڕێنەوە بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
فەرماندەی لیوای باکووری هێزەکانی سووریای دیموکرات گوتی: "جەختکرایەوە لە کشانەوەی سەرجەم چەکدارانی ناسووریایی لە نێو هێزەکانی سووریای دیموکرات و ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی و سەقامگیری. هەروەها رێککەوتن کرا لەسەر چڕکردنەوەی کۆبوونەوەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە دیمەشق بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکان لە دۆسیە نیشتمانییەکاندا."
ئەبو عومەر ئیدلیبی ئاماژەی بەوەش کردووە، "جەخت لە گرنگیی یەکپارچەیی خاکی سووریا کرایەوە، هەروەها هاتنە ریزی هێزە نێوخۆییەکان بۆ نێو سوپا هێزی سوپا زیاتر دەکات بۆ پاراستنی نیشتمان. هەروەها رێککەوتن کرا لەسەر ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ شار و گوندەکانیان، لەگەڵ گەرەنتی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان."
بەپێی قسەکانی ئەبوعومەر ئیدلیبی، پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کراوە بۆ دەستبەکاربوون وەکو سەرۆک و بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی سەردانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بکات. "هەروەها لیژنەی هاوبەش لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێنرا بۆ دانانی پلان و رێکاری جێبەجێکاری، بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی سەرجەم بەندەکان بەشێوەیەکی کارا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ