رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا رایگەیاند، دەستەی نیشتمانی بۆ بێسەروشوێنکراوەکان پێکدەهێنێت، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەوانەی لە سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بێسەروشوێن کراون.
رۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025، سەرۆکایەتیی سووریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، فەرمانێکی واژۆ کردووە تایبەت بە دامەزراندنی دەستەیەکی سەربەخۆی نیشتمانی بۆ بێسەروشوێنکراوەکان. ئەرکی ئەو دەستەیەش "لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانە".
لە رێگەی ئەو دەستەیەوە، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، کار دەکەن بۆ "تۆمارکردنی دۆسیەکان، دروستکردنی ناوەندێکی تۆمارکردنی نیشتمانی و دابینکردنی پشتیوانی یاسایی و مرۆیی بۆ کەسوکاریان".
بەپێی ئەو فەرمانەی شەرع واژۆی کردووە، ئەو دەستەیە، لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە "سەربەخۆ دەبێت" و لە سەرانسەری سووریا کاردەکات.
محەممەد رەزا جەلخی سەرۆکایەتی دەستەکە دەکات، کە لە سەرەتای مانگی ئاداردا دەستنیشانکرا بۆ ئەوەی هاوکاریی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بکات لە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ قۆناخی راگوزەری وڵاتەکە.
دەستوورە نوێیەکەی سووریا بۆ پێنج ساڵە، لە خاڵێکیدا هاتووە، "دەستەی دادی قۆناخی راگوزەر" دادەمەزرێت، بەمەبەستی "دیاریکردنی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە، سەلماندنی راستییەکان و دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان و رزگاربووانی کردەوە خراپەکانی حکومەتی پێشوو".
بەگوێرەی کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی بێسەروشوێنکراو؛ لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ئایاری 2011، زیاتر لە 130 هەزار کەس لە سووریا بێسەروشوێن بوون، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، ئەو ژمارەیە دەگاتە 155 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ