ئیلهام ئەحمەد: چەک دانانێین و لەگەڵ سوپای سووریا یەکدەگرینەوە

18-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رایدەگەیێنێت کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ تورکیا هەیە. دەشڵێت، دۆخی سووریا جیاوازە لە تورکیا، بۆیە ئەوان باسی یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سووریا دەکەن، نەک "چەکدانان". رەتیشیدەکاتەوە کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق هەڵوەشابنەوە.
 
ئیلهام ئەحمەد، یەکێکە لە سیاسەتڤانە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی تورکی کەناڵی BBC باسی پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا کرد و رایگەیاند: "هیوادارین ئەم هەنگاوانە بە هەنگاوی بەرامبەر وەڵام بدرێنەوە، بۆ ئەوەی هەموو ئەم جووڵە ئەرێنییانە ئەنجامی ئەرێنی بۆ گەلی کورد و تورکیاش هەبێت."
 
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا، ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە کرد، لە ماوەی رابردوودا پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ تورکیا هەبووە و گوتی: "کەناڵێکی کراوەی پەیوەندیمان لە نێواندا هەیە. پرسەکانی پەیوەست بە رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، پرسی کورد و چارەسەری سیاسی لە سووریا، هەروەها ئەو بابەتانەی جێگەی بایەخی تورکیان، گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. بەگشتی ئەم کەناڵە کراوەیە تەنیا کەناڵێکی هاوئاهەنگییە."
 
ئیلهام ئەحمەد، دۆخی ئارامی ئێستای ناوچەکەی بە "پێشهاتێکی ئەرێنی" ناوبرد و گوتی: "پێویستیمان بە دیالۆگ و هاوئاهەنگیی زیاترە لەگەڵ تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی پرسە ئەمنییەکان کە پەیوەندی بە هەردوولاوە هەیە."
 
ئیلهام ئەحمەد، کە وەک بەرپرسێکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە ساڵی 2013 سەردانی تورکیای کردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە کۆببووەوە، دەڵێت، ئەگەر تورکیا بانگهێشتی بکاتەوە، ئامادەیە بچێتە تورکیا.
 
'باسی چەکدانان ناکەین، باسی پرۆسەی یەکگرتنەوە دەکەین'
 
بەرپرسانی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە، کە جگە لە پەکەکە دەبێت یەپەگە و پژاکیش چەک دابنێن، بەڵام ئیلهام ئەحمەد پێیوایە دۆخی سووریا جیاوازە لە تورکیا.
 
هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی: "ئێمە خاوەنی تایبەتمەندیی خۆمانین لەنێو پێکهاتەی کۆمەڵگەی سووریادا. بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی ئێمە دژی داعش خاوەنی سرووشتێکی تایبەتە. ئەو گرووپانە [داعش] هێشتا بوونیان ماوە و هەڕەشەکە بەردەوامە. بۆیە لە سووریا ئێمە باسی پرۆسەیەکی یەکگرتنەوە دەکەین، نەک چەکدانان."
 
ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا کێشەی ئەمنی لە سووریا هەیە و گوتی: "سووریا هێشتا دەستوورێکی هەمیشەیی نییە. دۆخی ئەمنی پشێو و ناجێگیرە. بۆیە هەسەدە دەتوانێت ببێتە بەشێکی بەهێزی سوپای سووریا و وەک هێزێک بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی خاکی سووریادا رۆڵ بگێڕێت."
 
'گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق رانەگیراون'
 
ئیلهام ئەحمەد ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەڵوەشانەوەی گفتوگۆکان دەکەن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و گوتی: "گفتوگۆکان هەڵنەوەشاونەتەوە. ئاساییە لە کاتی دانوستاندنەکاندا لە هەندێک کۆبوونەوەدا لێکتێنەگەیشتن و ناکۆکی رووبدات، بەتایبەت کە سوورییەکان ساڵانێکە دیالۆگیان لەنێوان خۆیاندا نەکردووە."
 
ئیلهام ئەحمەد پێیوایە بۆ ئەوەی "سووریایەکی نوێ بەڕاستی دابمەزرێت" پێویستە گفتوگۆکان بەردەوام بن و ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەی 9ی تەممووزدا "نیشانەی ئەرێنییان لە هەردوولا" بینیوە، بەتایبەت لەسەر پرسە نیشتمانییە گەورەکانی وەک "یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتیی دەوڵەت."
 
هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، "یەکگرتنەوە" یەکێکە لە قورسترین بابەتەکانی گفتوگۆ، بەڵام جەختی کردەوە: "نیازی ئێمە دروستکردنی پێکهاتەی ئەلتەرناتیڤ نییە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، نە لە بواری سەربازی و نە لە بواری کارگێڕیدا. گرنگ پاراستنی مۆدێلێکی دیموکراسییە لە سووریا کە مافی ژنان و رێز لە ماف و جیاوازییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بگرێت."
 
ئامانجی سەربەخۆییان هەیە؟
 
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی یان فیدراڵییە، ئیلهام ئەحمەد گوتی: "مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە نەماوە. مۆدێلەکانی ئەمڕۆ پێشکەوتووترن و مافی کولتوور و نەتەوە جیاوازەکان بە تەواوی مسۆگەر دەکەن."
 
ئیلهام ئەحمەد داوای ناساندنی مافی هەموو پێکهاتەکان دەکات لە دەستووردا و پشتگیری لە مۆدێلێک دەکات کە دەسەڵات بداتە حکومەتە خۆجێیەکان. لە وەسفی مۆدێلەکەدا گوتی: "دەستەواژەی ناناوەندی لە چوارچێوەی حوکمڕانیی خۆجێییدا گوزارشت لەم دۆخی پێکەوەژیانە هاوبەشە دەکات. واتە هەرێمێکت هەبێت کە دەسەڵاتی لامەرکەزیی هەبێت و هەموو ئەو گرووپانەی تێیدا دەژین نوێنەرایەتی بکرێن. بە واتایەکی دیکە، ئەمە شێوازێکە لە حوکمڕانیی خۆجێی."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە