نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی میت و سەرۆکی کاتیی سووریا

18-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دیمەشق، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کۆبوونەوە.
 
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت کە رۆژی چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025 بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، سەردانی دیمەشقی کردبوو. تەوەری گفتوگۆکانی کاڵن و ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار، پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و پرسە ئەمنییە هەرێمییەکان بوون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سەقامگیریی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی سووریا، جەخت لەوە کرایەوە تورکیا هەمیشە لە پاڵ سووریا دەبێت.
 
لە دیدارەکەدا هەروەها ئاماژە بە خەباتی سووریا دژ بە هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی سووریا دراوە و راگەیێندراوە، کە تورکیا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی دیمەشق دژ بەو هەڕەشانە.
 
لە دیداری نێوان کاڵن و شەرع باس لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە داعش کرا. هاوکات پەرەپێدانی بە سیستمی دامەزراوەیی حکومەتی سووریا، ئاسایشی سنوورەکان و دەروازە سنوورییەکان، باشترکردنی دۆخی دارایی و گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکانی سووریایی و پاراستنی ئاسایشیان قسەیان لەبارەوە کرا.
 
رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای گەڕانەوەی لە قەتەر کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی نائاسایی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی سەردانی کردبوو، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێستا لە سووریا دۆخێکی ئاڵۆز هەیە کە دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و دینامیکە نێوخۆییەکان تێکەڵ بوون." 
 
هەروەها گوتی، "بە دڵنیاییەوە ناتوانین سووریا بە تەنیا جێبهێڵین. هەر بۆیەش هاوکارە پەیوەندیدارەکانم و لە پێش هەموویانەوە وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، لە دیالۆگێکی چڕدان لەگەڵ سووریا."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە