فەرماندەیەکی باڵای هەسەدە: ناسنامەی هێزەکەمان و مافی پێکهاتەکان بپارێزرێ، ئامادەین تێکەڵی سوپای سووریا بین

18-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە دەڵێت، ئامادەن تێكەڵی سوپای سووریا ببن، ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێن.
 
سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا، بۆ ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە قسەی کرد و رایگەیاند، خێرایی هەنگاوەکانی تێكەڵبوونیان لەگەڵ سوپای سووریا بە هەنگاوەکانی دیمەشقەوە گرێ دراوە.
 
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی هەسەدە دەڵێت، لەنێوان ئەوان و حکومەتی دیمەشقدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەڕێوەدەچن، تاوتوێی تێكەڵبوونیان لەگەڵ سوپای نوێی سووریادا دەکرێت.
 
سیپان حەمۆ گوتی، "هەسەدە لە سەرەتاوە دژی پەراوێزخستن، دیکتاتۆرییەت و ستەم تێکۆشاوە." ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵ دەدەین بەشداری لە سوپای سووریادا بکەین کە لە قۆناخی دروستبووندایە؛ بڕوامان وایە کە هەسەدە بناخەی دروستکردنی سوپای نوێی نیشتمانییە."
 
بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەبێ بەشداربوونی هێزەکانی ئەوان، سوپای سووریا نابێتە سوپایەکی نیشتمانی. گوتیشی، "ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردن لە سوپای نوێ راگەیاندووە و ئامانجی ستراتیجیمانە."
 
سیپان حەمۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمانەوێت بەشداری لە سوپای نوێ بکەین، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن پڕۆسەی بەشداریکردن بەپێی بۆچوونە تەسکەکان کە هێشتا دیلی هزری رژێمی پێشووترن، لێک بدەنەوە. ئەوان هەوڵ دەدەن هێزەکانی ئێمە لەنێو ببەن یان ناسنامەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کارگێڕی ئێمە لەنێو ببەن کە ئەوە هەرگیز قبووڵ ناکەین."
 
سیپان حەمۆ گوتی، "دەبێت ناسنامەی هەسەدە بپارێزێ و رێز لە تێکۆشانی بگیرێت."
 
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی هەسەدە باسی لە پێکهاتەکانی سووریا کرد و گوتی، "سوننە، درووز، کریستیان، کورد و عەلەوی، ئەگەر مافی یەک پێکهاتەیان نەناسرێ، ئەوە سووریا هێشتا لەو ستەمەی ماوەیەکی درێژە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، رزگاری نابێت."
 
سیپان حەمۆ سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی رابردووی هەسەدە و بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا گوتی، ئەنجامی ئاشکرا بەدەستنەهاتوون و رێککەوتنی نووسراویان نەکردووە و ئەوەی کراوە زارەکی بووە.
 
فەرماندەکەی هەسەدە دەڵێت، "حکومەتی راگوزەری سووریا هێشتا ناتوانێ هەستی ئاسایش و ئارامی لای پێکهاتە جیاوازەکان دروست بکات. کوشتارە بەکۆمەڵەکان دژی عەلەوییەکان و دروزەکان و بڵاوبوونەوەی ئاژاوەی ئەمنیی لە وڵاتەکە ئەوە دەسەلمێنن."
 
سیپان حەمۆ باسی لە ئاڵۆزییەکانی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) کرد و گوتی، "لە کاتێکدا ئێمە باسی تێکەڵکردنی هەسەدەمان دەکرد، گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب رووبەڕووی گەمارۆ و هێرش بووەوە، ئەوە سەرەڕای رێککەوتنی 10ی ئادار."
 
حەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، بە بەرپرسانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعیان گوتووە، خێراکردنی پڕۆسەی بەشداریکردنیان لە سوپای سووریادا پەیوەستە بە هەنگاوەکانی ئەوانەوە و گوتی، "پێمان گوتن کە هەڵوێستی ئێوە بەرامبەر عەفرین دەبێتە پێوەری راستەقینە؛ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عەفرین، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان و دادگەییکردنی بەرپرسان، نیشانەی جیدییەتی حکومەتن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە