رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، دەیانەوێت پرسی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە رێککەوتن چارەسەر بکەن. دەشڵێت، ئێستا کورد دەتوانن "پۆستی باڵا" وەربگرن.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە رێککەوتنی 10 ئادار لەگەڵ لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کرد و رایگەیاند، "دەمانەوێت پرسی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە رێککەوتن چارەسەر بکەین. کاتی ئەوە هاتووە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بخرێنە نێو وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرییەوە."
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە و شەوی رابردووش نوێنەرانی هەسەدە لەگەڵ پارێزگارەکانی حومس، حەلەب و دیمەشق کۆبوونەتەوە بۆ ئاشنابوون بە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروباری پارێزگاکان.
شەیبانی گوتی، "هەموو شتێک گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام فیدراڵی و دابەشبوون جێگەی گفتوگۆ نییە."
لەبارەی نارەزایەتییەکانی هەسەدە بەرامبەر حکومەتی سووریا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گوتی، هەسەدە رەخنەی لە راگەیاندنی دەستووری هەیە؛ شەرع بە هەسەدە گوتووە، "هەموو شتێک چارەسەر دەکرێت." هەروەها جەختی لەوە کردەوە، شەرع دەیەوێت "باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و هەسەدە ببنە بەشێک لە سووریای داهاتوو."
شەیبانی ئاشکرای کرد، هەسەدە سەبارەت بە دیاریکردنی "رۆژی نەورۆز وەک رۆژی دایک نیگەران بووە"، بەڵام ئەحمەد شەرع پێی گوتوون، "ئەگەر ئێوە لەگەڵمان بوونایە و پێشنیازتان بکردایە، بێگومان ئەمە دەگۆڕدرا."
وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ کورد، ئاماژەی بەوە دا، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کورد نییە، "کورد لە سووریای پێشوودا قوربانی بوون و ئازاریان چەشتووە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 200 هەزار کورد بێناسنامەن و حکومەتی ئێستا دەتوانێت ئەم پرسە چارەسەر بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ