رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە سەردانێکی هەرێمیدا رایگەیاند، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، زیاتر لە دوو ملیۆن سووریایی کە لە کاتی شەڕدا ئاوارە ببوون، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
رۆژی پێنجشەممە 19-06-2025 فلیپۆ گراندی، سەرۆکی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ لوبنانی دراوسێ، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان میوانداریی نزیکەی 1.5 ملیۆن پەنابەری سووریایی دەکات، نووسیویەتی، "زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی سووریایی لە مانگی کانوونی یەکەمەوە گەڕاونەتەوە نیشتمانیان."
شەڕی ناوخۆی سووریا، کە لە ساڵی 2011 بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانە دژە حکومییەکان لەلایەن حکومەتی ئەسەدەوە هەڵگیرسا، بووە هۆی ئاوارەبوونی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە نێوخۆ و دەرەوەدا.
رووخانی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 لەسەر دەستی هێزە ئیسلامییەکان، هیوای گەڕانەوەی بۆ ئاوارەکان دروستکرد.
گراندی، کە بڕیارە رۆژی هەینی سەردانی سووریا بکات، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە "نیشانەی هیوا بووە لەنێو گرژییە زیادبووەکانی ناوچەکەدا." هەروەها دەڵێت، "ئەمە دەیسەلمێنێت ئێمە پێویستمان بە چارەسەری سیاسییە، نەک شەپۆلێکی دیکەی نائارامی و ئاوارەیی."
دوای 14 ساڵ لە شەڕ، زۆرێک لە گەڕاوەکان رووبەڕووی ئەو راستییە تاڵە بوونەتەوە کە ماڵ و موڵکیان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە یان بەتەواوی وێران بووە.
بەهۆی هەڵگرتنی سزاکانی رۆژئاوا لەسەر سووریا، دەسەڵاتدارە نوێیەکان هیوایان بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان تێچووەکەی بە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.
لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان؛ گراندی باسی لە "چۆنێتیی زیادکردنی دەرفەتەکان بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە سووریاییەکان بۆ نیشتمان" کردووە.
لە پۆستێکی دیکەدا لە تۆڕی ئێکس، گراندی نووسیویەتی، "زۆرێک لە پەنابەران پێشوەختە ئەو بڕیارەیان داوە، بەڵام بۆئەوەی گەڕانەوەکان بەردەوام بن، سووریا پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتیی زیاتر و خێراترە."
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی لوبنان، جۆزێف عەون جەختی لەوە کردووەتەوە، "پێویستە پەنابەرە سووریاییەکان بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان."
حکومەتی لوبنان پلانێکی بۆ گەڕانەوەی قۆناخ بە قۆناخی پەنابەران بۆ سووریا داڕشتووە، چاوەڕێ دەکات تاوەکو مانگی ئەیلوول 300 هەزار پەنابەر بگەڕێنەوە. ئەمە بەپێی قسەکانی تارق میتری، جێگری سەرۆکوەزیرانی لوبنانە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە هەڤپەیڤینێکدا باسی کردبوو.
پلانەکە، بەگوێرەی میتری، پێدانی 100 دۆلار بە هەر پەنابەرێک لە کاتی رۆیشتنیاندا لەخۆدەگرێت، لەگەڵ وەرگرتنی بەڵێننامەیەک کە جارێکی دیکە وەک پەنابەر نەگەڕێنەوە لوبنان، هەروەها لێخۆشبوون لە پێبژاردنی (غەرامە) ئەو سووریاییانەی کە بەڵگەنامەکانیان بەسەرچووە.
لەسەرەتای ئەم مانگەدا، ئاژانسی UNHCR پێشبینی کردبوو تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، رەنگە نزیکەی 1.5 ملیۆن سووریایی لە دەرەوەی وڵات و نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی بگەڕێنەوە نیشتمانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ