لیژنەیەکی سووریا: رەنگە زیاتر لە 300 هەزار کەس بێسەروشوێن بووبن

19-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی بێسەروشوێبووانی سووریا رایدەگەیێنێت، رەنگە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی دەسەڵاتی نیو سەدەی بنەماڵەی ئەسەد و شەڕی نێوخۆدا بێسەروشوێن بوون، 300 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.
 
محەممەد رەزا جەلخی، سەرۆکی ئەو لیژنەیەیە کە لە مانگی ئایاردا دامەزرا، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەرکەکەیان بە کۆکردنەوەی داتا لە ساڵی 1970ـەوە دەستپێدەکات، ئەو ساڵە حافز ئەسەد دەسەڵاتی گرتەدەست و هیچ وادەیەکی دیاریکراویان نییە بۆ تەواوکردنی کارەکانیان.
 
جەلخی قسەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا (سانا) کردووە، دەڵێت: "خەمڵاندنەکانمان بۆ ژمارەی بێسەروشوێنبووان لەنێوان 120 هەزار بۆ 300 هەزار کەسدایە و رەنگە زیاتریش بێت."
 
تەنیا لە کاتی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 کە دوای سەرکوتکردنێکی دڕندانەی خۆپێشاندانەکانی دژ بە حکومەت لەلایەن بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووەوە هەڵگیرسا، دەیان هەزار کەس دەستبەسەرکران یان بێسەروشوێن کران. 
 
ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە دەسەڵات دوورخرایەوە.
 
لەکاتی شەڕەکەدا، هەموو لایەنەکان بە ئەنجامدانی تاوانی گەورە تۆمەتبارکران، لەنێویاندا داعش، کە دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی خاکی سووریا و عێراقدا گرتبوو و پێشێلکاریی بەربڵاوی کرد، لەنێویاندا لەسێدارەدان.
 
بەشار ئەسەد، وەک حافز ئەسەدی باوکی، بە کودەتایەکی سەربازیی بێ خوێنڕشتن دەسەڵاتی گرتبووە دەست، بەڵام بە ئاگر و ئاسن حوکمی دەکرد.
 
دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە یەکێک بوو لە دڕندەترینەکان لە ناوچەکەدا و سیستەمی زیندانەکانیان تۆقێنەر بوو، لەنێویاندا زیندانی سیدنایا کە بەوە بەنێوبانگ بوو، خەڵک بەبێ هیچ شوێنەوارێک تێیدا بێسەروشوێن دەبوو.
 
جەلخی گوتی: "نەخشەیەکمان هەیە زیاتر لە 63 گۆڕی بەکۆمەڵی دۆکیۆمێنتکراو لە سووریا لەخۆدەگرێت،" بێ ئەوەی وردەکاری بدات لەبارەی شوێنەکانیان، کێ هەڵیکەندوون یان کێیان تێدا نێژراون.
 
لیژنەکە لە کارەکانی بۆ دامەزراندنی داتابەیسێک بۆ کەسانی بێسەروشوێن بەردەوامە.
 
دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا بەڵێنیان داوە دادپەروەری بۆ قوربانییانی ئەو تاوانانە بەدیبێنن کە لە سەردەمی ئەسەددا کراون.
 
لە مانگی کانوونی دووەمدا، سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور گوتی، دیاریکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە کاتی شەڕدا بێسەروشوێن بوون، ئەرکێکی زۆر گەورە دەبێت و پێدەچێت چەندین ساڵی بووێت.
 
جەلخی رایگەیاندووە، کاری لیژنەکەیان "بۆ پرۆسەی دادپەروەریی راگوزەر و ئاشتیی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە" و، پرسی بێسەروشوێنکراوانی بە "یەکێک لە ئاڵۆزترین و بەئازارترین پرسەکانی سووریا" ناوبرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە