رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سەر بە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم، هێرش دەکەنە سەر ناوچەیەک لە سووریا و ئەندامێکی باڵای داعش دەکوژن.
سێنتکۆم بڵاویکردەوە، هێرشەکە ئەمڕۆ هەینی کراوە و تێیدا ئەندامێکی باڵای داعش کراوەتە ئامانج کە هەڕەشەی راستەوخۆ بووە لەسەر خاکی ئەمریکا.
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، ئەو کەسەی کراوەتە ئامانج ناوی عومەر عەبدولقادر بووە کە چالاکانە کاری بۆ ئەوە کردووە هێرش بکاتە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کوشتنی ئەو کەسە "توانای رێکخراوە تیرۆریستییەکە بۆ پیلاندانان و هێرشی داهاتوو کە هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوبەشەکانمان بکات، تێکدەدات."
براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێ، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەئامانجکردنی ئەو "تیرۆریستانە"ی دەیانەوێ ئەمریکا، هێزەکانی، هاوپەیمان یان هاوبەشانی واشنتن بکاتە ئامانج و دەستخۆشیش لە هەموو ئەوانە دەکات لەو ئەرکەدا پاڵپشتیکار بوون.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2014ەوە رۆڵی کارای لە تێکشکاندنی داعشدا گێڕاوە و ئێستاش هێزەکانی ئەمریکا پاڵپشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی شانە نووستووەکانی داعش ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ