سووریا: سەردانەکەی نەتەنیاهوو پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریمانە

19-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەردانێکی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک وەزیری ئیسرائیلی بۆ باشووری سووریا سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەری و یەکپارچەیی خاکی" وەسفیکرد. لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەنێو سەربازانی وڵاتەکەی لەو ناوچەیە رایگەیاند، ئامادەیی سەربازییان لە ناوچە دابڕێنەرەکەدا گرنگییەکی زۆری هەیە.
 
رۆژی چوارشەممە 19-11-2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەردانی ئەو هێزە ئیسرائیلییانەی کرد کە لە سووریا لەو دیوی هێڵی ئاگربەستەوە جێگیرکراون. بەگوێرەی گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، لە سەردانەکەدا جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوە؛ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری؛ ئەیال زەمیر، سوپاسالار و دەیڤد زینی، سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی شین بێت، یاوەری نەتەنیاهوو بوون.
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێنراوێکدا "بە تووندترین شێوە" سەردانە "ناشەرعییەکەی" سەرکردە ئیسرائیلییەکانی بۆ باشووری سووریا سەرکۆنە کرد.
 
وەزارەتەکە رایگەیاند، سەردانەکە "پێشێلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی کۆماری عەرەبیی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی." هەروەها جەختی کردەوە کە "ئەم سەردانە هەوڵێکی نوێیە بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ کە لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشدا ناکۆکە و دەکەوێتە چوارچێوەی سیاسەتەکانی داگیرکاری."
 
 
حکومەتی سووریا داوای "پێداگرانە"ـی خۆی بۆ کشانەوەی داگیرکاریی ئیسرائیل لە خاکی سووریا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "هەموو ئەو رێوشوێنانەی داگیرکاری لە باشووری سووریا گرتوویەتیەبەر، پووچەڵ و بێ بایەخن و هیچ کاریگەرییەکی یاساییان نییە."
 
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو بە سەربازانی وڵاتەکەی راگەیاند، بوونیان گرنگییەکی زۆری بۆ پاراستنی ئیسرائیل هەیە.
 
نەتەنیاهوو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "ئێمە لێرە گرنگییەکی زۆر بە تواناکانمان دەدەین، هەم بەرگری و هەم هێرشبەری." گوتیشی: "ئەمە ئەرکێکە کە رەنگە لە هەر ساتێکدا پەرەبسێنێت، بەڵام ئێمە پشتتان پێدەبەستین."
 
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە، ئیسرائیل هێزەکانی خۆی لەنێو ناوچەیەکی دابڕێنەردا لە بەرزاییەکانی گۆلان هێشتووەتەوە، کە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هێزە ئیسرائیلی و سووریاییەکان لێکجیادەکاتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئیسرائیل ناچار بکات "بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی جیابوونەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەڕڤانێکی هەسەدە.

راپۆرتێک: دیمەشق و هەسەدە پەلە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان دەکەن

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، بەرپرسانی سووریا، کورد و ئەمریکا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم ساڵ، پێشكەوتنێک لە رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا بەدەست بهێنرێت و رێککەوتنەکە لە شکستخواردن رزگار بکەن.