رووداو دیجیتاڵ
زستان، باران، قوڕ و لیتە بوونەتە دێوەزمەی دانیشتووی نێو کەمپێکی ئاوارەکان لە ناوچەی زەوفی پارێزگای ئیدلیبی باکووری سووریا؛ قوڕ تا نێو خێوەتەکان چووە و پێخەف و کەلوپەلەکانی بە کەڵکی بەکاهێنان نەماون.
ریاز سەوادی، ئاوارەیە و دەڵێت، "دوێنێ بەیانی کاژێر 6:30 لەگەڵ دەنگی ئاو بەئاگا هاتین، خێوەتەکانمان کردەوە؛ ئاو هاتە ژووەوە. لەگەڵ دراوسێیەکانمان منداڵەکانمان هەڵگرتن و بەرەو رێگە قیرتاوکراوەکە بردمانن. تەنیا توانیمان دەفتەر و کتێبی نێو خێوەتەکە دەربهێنین، ئەویدی هەمووی رۆیشت."
ئەوەی دۆخەکەی قورستر کردووە، زیادبوونی ئاوی رووباری عاسییە بەهۆی بارانەوە. ئاوەکەی چووەتە نێو ماڵ و دووکانەکانی بەشێک لە گوندەکانی نزیک لە رووبارەکە و ژیان و کاری خەڵکەکەی پەکخستووە. ئەوان لە خۆیان زیاتر خەمی منداڵەکانیانە.
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت، زیاتر لە 900 هەزار دانیشتووی پارێزگای ئیدلیب بەهۆی شەڕ و گرژییەکانەوە ئاوارەبوون.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی دەڵێت، لە ساڵی 2023دا نزیکەی 15.3 ملیۆن سووریایی پێویستییان بە یارمەتیی مرۆیی هەبووە؛ سووریا زۆرترین ژمارەی ئاوارەی هەیە لە هەموو جیهان کە 6.8 ملیۆن کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ