حوسێن شەرع ، باوکی ئەحمەد شەرعی سەرۆککۆماری ئێستای سووریا، رۆژی 20ی ئەم مانگە وتارێکی بە ناونیشانی ( کێشەی کورد هیچ زەوینەیەکی لە سووریادا نییە ) لە گۆڤاری سعودی (المجلة)دا بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێ " نە لە مێژووی سووریادا و نە ئێستا لە سووریادا شتێک نییە بەناوی "پرسی کورد"، ئەوە پرسێکی کاتییە و هیچ پەیوەندییەکی بە کەتوار (واقیع) ەوە نییە.
حوسێن شەرع ، کە ماوەیەکی زۆر لە سعودیە ژیاوە، زانکۆی لە بەغدا تەواوکردووە و کەسێکی قەومی ناسری بووە و ئێستاش کەسێکی عروبییە.
حوسێن شەرع لە وتارەکەیدا نووسیویەتی " کێشەی کورد لە سووریا هیچ هەبوونێکی نەبوو لە پێکهاتەی سووری دا ، کورد لە سووریا لە شار و گوندەکان دا وەک هاووڵاتیانی خاوەن کولتووری عەرەبی و بە ئایین ئیسلام دەژیان". لەبەرئەوەش ئەو هەستی خۆ بە کوردزانینەی ئێستای کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە شتێکی نامۆ و کاتی دادەنێت .
هەروەها لە وتارەکەیدا هاتووە " هەر کەسێک بڵێت ئەم وڵاتی سووریایە تایبەتمەندی رەگەزیی هەیە دەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە ، چونکە هاوسەنگی کولتووری ، هزری و نیشتمانییەکەی هەمووی ئاوێتەی یەکترە و ناتوانی ئەمە لەوی دیکە جیابکەیەوە" .
ئینجا باسی ناوچەی جەزیرە دەکات و حەسەکە و قامشلۆ بە ناوچەیەکی کوردی یان کوردستانی دانانێت "لە ناوچەی جەزیرە کە بریتییە لە هەرسێ پارێزگەی رەققە، دێرەزۆر و حەسەکە و لەگەڵیشیدا قامشلۆ، کۆمەڵگەیەکی کوردی هەبوو لە چیایەک بەناوی کوردداخ، رێژەکەیان لەنێو سەرژمێری سوورییەکان دا ٣٪ بوو".
باسی ئەوە دەکات کە "لە سەردەمی بەعس دا کە سووریای بەڕێوەدەبرد، کۆمەڵێک حیزبی کوردیی بچووکی پەرتوبڵاو دروستبوون، بەڵام زۆرینەیان خاوەن سەرسپێرییەکی نیشتمانی بوون" .
ئینجا هەبوونی کێشەی کورد لە سووریا رەتدەکاتەوە و دەڵێ " نە لە مێژووی سووریادا و نە ئێستا، لە سووریادا شتێک نییە بەناوی 'پرسی کورد'، ئەوە پرسێکی کاتییە و هیچ پەیوەندییەکی بە کەتوار |(واقیع) ەوە نییە . لەبەرئەوەی کوردانی سووریا سەر بە دەوڵەتی سووریان، هەندێک عەشیرەتی کوردی هەن، بەڵام ئەوانیش عروبین" .
باوکی ئەحمەد شەرعی سەرۆک کۆماری ئێستای سووریا دەڵێ " سووریا یەک وڵاتی یەکگرتووە، کولتوور و بیرەکەی عەرەبی و ئیسلامییە و هیچ کات وڵاتێکی رەگەزپەرست نەبووە دژی هیچ کەسێک" .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ