دەسەڵاتی سووریا دەستی بەسەر نزیکەی چوار ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرت

20-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەسەڵاتدارانی سووریا دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی چوار ملیۆن حەبی کاپتاگۆنیان راگەیاند، کە هەوڵ دەدرا لە رێگەی بەندەری لازقیەوە ببرێتە دەرەوەی وڵات.
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رۆژی سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دەستبەسەر زیاتر لە چوار ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا بگرن. حەبەکان لەنێو کەرەستەی پیشەسازی و گونیەی ئارددا شاردرابوونەوە و هەوڵدراوە لە رێگەی بەندەری شاری لازقیەوە لە رۆژئاوای سووریا بە قاچاخ رەوانەی دەرەوە بکرێن.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە "بەپێی زانیاریی ورد لە سەرچاوەکانمانەوە، ئاگادارکراینەوە لە بوونی بارهەڵگرێک کە ماددەی هۆشبەری تێدایە و لەنێو کەرەستەی پیشەسازیدا شاردراوەتەوە و ئامادەکراوە بۆ بەقاچاخبردن بۆ دەرەوەی وڵات." هەروەها رایگەیاندووە کە چەند کەسێکیان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم کەیسەدا دەستگیرکردووە و "رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون."
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو، دەسەڵاتدارانی سووریا دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی نۆ ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی دیکەیان راگەیاندبوو، کە هەوڵدرابوو رەوانەی تورکیا بکرێت.
 
بەگوێرەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، و هەوڵەکانی دەسەڵاتی نوێ، هێشتا قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سووریاوە بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە. وڵاتانی دراوسێش بەردەوام بڕێکی زۆر لە کاپتاگۆن دەستبەسەردادەگرن.
 
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا، بەتایبەت لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەدا کە لە ساڵی 2011ەوە دەستیپێکرد، کاپتاگۆن ببووە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهاتی نایاسایی و بەرھەمی هەناردەکراوی رژێمەکەی. لەدوای لەکارلادانی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە، دەسەڵاتی نوێی دیمەشق ملیۆنان حەبی کاپتاگۆنی لە کۆگاکان و بنکە سەربازییەکانی سوپای پێشووی سوریادا دۆزیوەتەوە.
 
هەروەها، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بەسەر زیاتر لە تۆنێک کاپتاگۆندا گرت کە لە سووریاوە رەوانەی تورکیا کرابوو و دواتر هەوڵدرابوو بگوازرێتەوە بۆ عێراق. لە مانگی نیسانیشدا، ئوردن رایگەیاند کە دەستیان بەسەر "سەدان هەزار" حەبی کاپتاگۆندا گرتووە کە هەوڵدراوە لە سنووری سووریاوە بهێنرێتە ناو خاکی وڵاتەکەیانەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیدیۆی ئاهەنگی نەورۆز لە دیمەشق

لە دیمەشق بۆ یەکەم جار نەورۆز وەکو جەژنێکی نیشتمانی پیرۆز کرا

هەنا بالی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کۆبانێیە و بەشداری ئاهەنگەکەی دیمەشقی کردووە، ئەو بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە بە رووداوی گوت: "بێئەندازە دڵخۆشم، ساڵ و نیوێک بوو لە منبج بووم و زۆر تامەزرۆ بووم ئەم رۆژە ببینم. بە رێگەیەکی زۆر سەخت و ناڕەحەتدا خۆم گەیاندە ئێرە، چونکە دەمگوت ئایا دەبێت ئەو رۆژە ببینم یان نا؟ سوپاس بۆ خودا کە بینیم و زۆر خۆشحاڵم."