رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا شەوی شەممە رایگەیاند، شەڕ و پێکدادان لە شاری سوەیدای باشووری وڵات وەستاوە و چەکدارە عەشایەرییەکان لە شارەکە کشاونەتەوە.
ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی تووندوتیژییەکانی هەفتەی رابردوو گەیشتووەتە 940 کەس. سەرەڕای ئاگربەستە راگەیێندراوەکە، دۆخی مرۆیی لە ناوچەکە زۆر نالەبارە و کاردانەوەی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.
نوورەدین ئەلبابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە تەلەگرام رایگەیاند، "دوای هەوڵە چڕەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست، دوای جێگیرکردنی هێزەکانی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای پارێزگای سوەیدا، ناوەندی پارێزگاکە لە هەموو چەکدارە عەشایەرییەکان چۆڵ کرا و پێکدادانەکان لەناو گەڕەکەکانی شاردا راگیران."
تووندوتیژییەکان لە 13ی تەممووزەوە لەنێوان دروزەکان، کە کەمینەیەکی ئایینیی تایبەتن و عەشایەری دەشتەکیی سوننەدا سەریانهەڵدا. ئەم ململانێیە زۆر بە خێرایی فراوان بوو و حکومەتی ئیسلامیی سووریا، ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە راکێشرانە ناو شەڕەکەوە. چەکدارە دەشتەکییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی سووریاوە بۆ پشتیوانی لە دەشتەکییەکانی سوەیدا روویان لە شارەکە کرد.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری وردی قوربانیانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کۆی 940 کوژراو، 326 کەسیان چەکداری دروز بوون و 262 کەسی دیکەش هاووڵاتی سڤیلی دروز بوون، کە 165 کەسیان بە شێوەیەکی نایاسایی و بەکۆمەڵ لە کوژراون. هەروەها، 312 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و 21 دەشتەکیی سوننە کوژراون، کە سێ کەسیان سڤیل بوون و "لەلایەن چەکدارە دروزەکانەوە کوژراون." جگە لەمانە، 15 سەربازی حکومەتی سووریا لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
ئاگربەستەکە دوای رێککەوتنێک هات کە بە نێوەندگیری ئەمریکا لە نێوان حکومەتی کاتیی سووریا و ئیسرائیلدا کرا، ئەمەش بە ئامانجی رێگرتن لە دەستوەردانی سەربازیی زیاتری ئیسرائیل کە پێشتر چەندین جار هێزەکانی حکومەتی لە سوەیدا و دیمەشق کردبووە ئامانج.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد "رێگری لە چوونەژوورەوەی داعش و هەر جیهادییەکی تووندڕۆی دیکە بۆ ناوچەکە و کردنی کۆمەڵکوژی بکەن." روبیۆ جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا بە چڕی لەگەڵ ئیسرائیل، ئوردن و دیمەشق لەسەر پێشهاتەکان لە پەیوەندیدا بووە.
یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستەکە کرد و رایگەیاند، بەهۆی تووندوتیژییە تایفییەکانەوە "تووشی شۆک بووە." فەرەنساش داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "بە تووندی پابەندی ئاگربەستەکە بن."
ئیسرائیل گومانی خۆی لە بەڵێنەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ پاراستنی کەمینەکان دەربڕی. جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکدا نووسی، "لە سووریای شەرعدا، ئەندامبوون لە کەمینەیەک، کورد، دروز، عەلەوی یان کریستیان، زۆر مەترسیدارە."
قەیرانێکی مرۆیی گەورە
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تووندوتیژییەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم 87,000 کەس. دانیشتووانی سوەیدا، کە ژمارەیان نزیکەی 150,000 کەسە، لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە و بێ کارەبا و ئاون. خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان زۆر کەمن و هێڵەکانی پەیوەندی تاڕادەیەکی زۆر پچڕاون.
پزیشکێک لە نەخۆشخانەی سەرەکیی شارەکە رایگەیاندبوو، دامەزراوەکەیان زیاتر لە 400 تەرمی وەرگرتووە و بەهۆی پڕبوونی ساردخانەکان و نەبوونی کارەبا، ناچاربوون تەرمەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە نزیک نەخۆشخانەکە بنێژن. یەکێک لە دانیشتووە هەڵاتووەکانی شارەکە گوتی: "هیچمان نەماوە. زۆربەی ئەو کەسانەی دەیانناسین، خزم و دۆستانمان، مردوون. سوەیدا وێران بووە."
دەنگی ناڕەزایەتیی دەرەوە
هاوکات لەگەڵ کارەساتەکەدا، دەیان سووریایی لە لەندەن و پاریس گردبوونەوە و داوای پاراستنی دروزەکانیان کرد. خۆپیشاندەران لە لەندەن دروشمی "خودا دروزەکان بپارێزێت" و "پشتگیری جۆلانی رابگرن"یان دەوتەوە.
لە پاریسیش، خۆپیشاندەران وێنەی قوربانییەکانیان بەرز کردبووەوە و داوایان لە فەرەنسا دەکرد گوشار بخاتە سەر حکومەتی کاتیی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ