رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دەستبەجێ چەک دانێن و کۆتایی بە دوژمنکارییەکان بهێنن. ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا شەوی شەممە رایگەیاند، شەڕ و پێکدادان لە شاری سوەیدای باشووری وڵات وەستاوە و چەکدارە عەشایەرییەکان لە شارەکە کشاونەتەوە.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رۆژی یەکشەممە لە ئێکس رایگەیاند، "ئەم خواستە ناسکە [بۆ ئاشتی] ئێستا کەوتووەتە ژێر سێبەری شۆکێکی قووڵەوە، چونکە کردەوە دڕندانەکانی لایەنە شەڕکەرەکان، دەسەڵاتی حکومەت تێکدەدەن و هەر شێوەیەک لە ئارامی دەشێوێنن."
نێردەی ئەمریکا داوای کرد "هەموو لایەنەکان دەبێت دەستبەجێ چەکەکانیان دابنێن، دووژمنکاری رابگرن و واز لە تۆڵەسەندنەوەی عەشایەری بهێنن. سووریا لە قۆناخێکی چارەنووسسازدایە، دەبێت ئاشتی و دیالۆگ سەربکەوێ."
ئەم لێدوانانە دوای راگەیاندنی ئاگربەستێک دێت کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەنێوان حکومەتی کاتیی سووریا و ئیسرائیلدا کرا.
نوورەدین ئەلبابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، دوای جێگیرکردنی هێزەکانیان، چەکدارە عەشایەرییەکان لە شاری سوەیدا نەماون.
تووندوتیژییەکان کە لە 13ـی تەممووزەوە لە نێوان دروزەکان و چەکدارانی دەشتەکیی سوننەدا سەریان هەڵدا، کارەساتێکی مرۆیی گەورەیان لێکەوتووەتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، 940 کەس کوژراون و لەو ژمارەیەدا 326 کەسیان چەکداری دروز بوون و 262 کەسی دیکەش سڤیلی دروز بوون، کە 165 کەسیان بە کۆمەڵ کوژراون. هەروەها، 312 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و 21 بەدەویی سوننە کوژراون. جگە لەمانە، 15 سەربازی حکومەتی سووریا لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
جگە لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد رێگری لە چوونەژوورەوەی "جیهادییە تووندڕۆکان" و روودانی "کۆمەڵکوژی" بکەن.
یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە ئاگربەستەکە کرد و رایگەیاند، بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە "تووشی شۆک بووە". فەرەنساش داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "بە تووندی پابەندی ئاگربەستەکە بن."
ئیسرائیل گومانی خۆی لە بەڵێنەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ پاراستنی کەمینەکان دەربڕی و رایگەیاند، لە سووریا زۆر مەترسیدارە، ئەگەر کەمینە بیت.
قەیرانێکی مرۆیی گەورە و دەنگی ناڕەزایەتی
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تووندوتیژییەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم 87,000 کەس. دانیشتووانی سوەیدا رووبەڕووی کەمیی خۆراک، ئاو و کارەبا بوونەتەوە. پزیشکێک رایگەیاندبوو نەخۆشخانەکەیان زیاتر لە 400 تەرمی وەرگرتووە و ناچاربوون گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵبکەنن.
هاوکات، دەیان سووریایی لە لەندەن و پاریس گردبوونەوە و داوای پاراستنی دروزەکانیان کرد. خۆپیشاندەران دروشمی "خودا دروزەکان بپارێزێت" و "پشتگیری جۆلانی رابگرن"یان دەگوتەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرد گوشار بخەنە سەر حکومەتی کاتیی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ