تۆم باراک: لایەنەکان لە 5:00ی ئێوارەوە لەسەر راگرتنی شەڕی سوەیدا رێککەوتوون

20-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە بارەی شەڕ و پێکدادانەکانی پارێزگەی سوەیداوە رایگەیاند، لایەنەکان لە کاژێر 5:00ی ئێوارەوە بە کاتی نێوخۆ، لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون. 
 
شارە زۆرینە دروزنشینەکە لە 13ی تەممووزەوە بووەتە گۆڕەپانی شەڕی خوێناویی نێوان چەکدارە دروزەکان و هۆزە دەشتەکییە سونییەکان و لەو کاتەوە بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە هەزار کەس کوژراون.
 
باراک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەم گرژییانە کە لە زیادبووندان، تەنیا دەکرێت بە رێککەوتنێک بۆ وەستاندنی توندوتیژی، پاراستنی بێتاوانەکان، رێگەدان بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی و دوورکەوتنەوە لە مەترسی، پێشیان پێ بگیرێت."
 
دەشڵێت: "لە کاژێر 17:00ـەوە بە کاتی دیمەشق، هەموو لایەنەکان بۆ وەستاندن و راگرترنی دوژمنکارییەکان هەنگاویان ناوە."
 
قۆناخی داهاتووی ئاگربەستەکە، بە گوتەی دیپلۆماتە ئەمریکییەکە، گۆڕینەوەی دیلەکان دەبێت. 
 
باراک نووسیویەتی: "کۆڵەکەیەکی دیکەی رێگەی بەرەو فرەلایەنبوون و هێورکردنەوەی درێژخایەنی دۆخەکە، گۆڕینەوەی تەواوی بارمتە و گیراوانە کە رێکاری لۆجیستی بۆ گیراونەتەبەر."
 
شەڕەکە یەکشەممەی رابردوو دەستیپێکرد، دوای ئەوەی کە دروزەکان رایانگەیاند، دەشتەکییەکان سەوزەفرۆشکیانی رفاندووە. 
 
دواتر حکومەتی سووریا بڕیاریدا هێز بنێرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە پێکدادانەکان بێنێت، بەڵام دروزەکان و روانگەی سووری رایانگەیاند، ئەو هێزانە لەگەڵ دەشتەکییەکان کەوتنە شەڕی دژی دروزەکان. ئیسرائیلیش دەیان هێرشی سەربازی کردنە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە سوەیدا و ناوچەکانی دیکە و بارەگای وەزارەتی بەرگری لە دیمەشق بۆردوومان کرد. 
 
حکومەتی سووریا پێشتر ئاگربەستی راگەیاندبوو و داوای لە هۆزە دەشتەکییەکان کردبوو لە شارە زۆرینە دروزەکە بکشێنەوە، بەڵام بەشێکیان پابەند نەبوون. 
 
ئەمڕۆ دوای ئەو ئاگربەستەی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا راگەیێنرا، هۆزە دەشتییەکان رایانگەیاند، چەکدارەکانیان لە سوەیدا کشاندوونەتەوە. 
 
بەرپرسێکی مانگی سووری سووریا رایگەیاند، دوای یەک هەفتەی پڕ لە توندوتیژی، ئەمڕۆ یەکەمین کاروانی یارمەتیی مرۆیی گەیشتووەتە شاری سوەیدا. 
 
کاروانەکە لە 32 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر پێکهاتبوو کە خۆراک، سووتەمەنی، پێداویستیی پزیشکی و کیسەی تەرمیان تێدابوو. 
 
لە یەکشەممەی رابردووەوە، دانیشتووانی سوەیدا بێ ئاو و کارەبا لە ماڵەکانیاندا مابوونەوە و خۆراک و پێداویستییەکانیان لە کەمیدابوو. 
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکانی سەر بە حیکمەت هەجەری،" سەرکردەی دیاری ئایینیی دروزەکان، رێگرییان لە کاروانەکە کردووە. 
 
حکومەتی دیمەشق بە تووندی رەخنەی لە هەجەری گرت دوای ئەوەی کە داوای پاراستنی نێودەوڵەتیی بۆ دروزەکان کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد، یارمەتییان بدات. 
 
رۆژی یەکشەممە، هەجەری لە راگەیێندراوێکدا گوتی پێشوازی لە "هەر یارمەتییەکی مرۆیی بۆ پارێزگەی لێقەوماوی سوەیدا لە رێگەی رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە" دەکات. 
 
هەروەها داوای کرد "دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشی دڕندانەی سەر پارێزگەی سوەیدا بهێنرێت و ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییە بوەستێنرێت کە ئامانج لێی وروژاندنی توندوتیژی و رق و کینەیە."
 
ئیسرائیل کە بەشێک لە دانیشتووانی دروزن، خۆی بە پارێزەری دروزەکانی سووریا نیشاندەدات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە