هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرکردەیەکی باڵای داعش لە سووریا دەکوژێت

20-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سوریا بڵاویکردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوەکەیان لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی تایبەتدا لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوشتووە.
 
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 20ـی ئابی 2025 بۆ سەر خانوویەک کراوە، لە شارۆچکەی ئەتمە لە پارێزگەی ئیدلب لەنزیک سنووری تورکیا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی سووریا لە ئۆپەراسیۆنەکە، سەڵاح نوعمان، کە هاووڵاتییەکی عێراقییە و بە عەلی ناسراوە، کراوەتە ئامانج، دەگوترێت ئەو کەسە "سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی داعش" بووە و "یەکێک بووە لە مەترسیدارترین کەسە داواکراوەکان کە بەهۆی تێوەگلانی لە چالاککردن و رێکخستنەوەی شانەکانی داعش لە سووریا".
 
تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ناسراو بە "سێنتکۆم"، هیچ راگەیێندراوێکیان سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە لە باکووری رۆژئاوای سووریا بڵاونەکردووەتەوە.
 
سێ شایەتحاڵ، لەنێویاندا خاوەنی ئەو باڵەخانەیەی کە نوعمان تێیدا نیشتەجێ بوو، پشتڕاستیانکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کراوە و گوتوویانە گوێیان لە دەنگی فڕۆکە و تەقە بووە.
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، نوعمان لەگەڵ هاوژین، منداڵەکانی و دایکی لەو خانووەدا ژیاون کە کراوەتە ئامانج، کاتێک ویستوویەتی لە بالکۆنی خانووەکە باز بدات و هەڵبێت، تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە، نوعمان برای سەرکردەیەکی باڵای داعش بووە، کە لە هێرشێکی هاوپەیمانان لە ساڵی 2020 لە پارێزگەی دێرەزوور کوژرا.
 
عەبدولقادر شێخ، یەکێک بووە لە دراوسێکانی نوعمان، پشتڕاستیکردەوە کە ئەو سەرکردەیەی داعش ماوەی دوو ساڵ بووە لە ناوچەکەدا ژیاوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە