رووداو دیجیتاڵ
چەند دیپلۆماتێکی سووریا بە رووداویان گوت، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سووریا ئەم هەفتەیە سەردانی نیویۆرک دەکات و بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات، کە تایبەتە بە سووریا.
رۆژی دووشەممە، 21-04-2025، چەند دیپلۆماتێکی سووریا، کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداویان لە نیویۆرک گوت، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەم هەینییە 25-04-2025 سەردانی نیویۆرک دەکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەلایەن رووداوەوە پرسیاری لێکرا، پشتڕاستی نەکردەوە و گوتی: "هەوڵدەدەم زانیاریی زیاتر وەرگرم."
دووجاریک گوتی، پێشبینی دەکرێت گیێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر سووریایە بەشداربێت.
لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، دووجاریک هیچ زانیارییەکی نەخستەڕوو.
دوجاریک ئاماژەی بەوەشدا، پەیامی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا "بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیە کە نوێنەرایەتی هەموو سووریا بکات، ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی بەرپرسیارێتی و دڵنیابوون لە بیستنی دەنگەکان؛" هەروەها پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو پشتگیریکردنی ئەو هەوڵەدا.
جگە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی سووریا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی، سەردانی واشنتنی ئەمریکا بکەن.
رۆژی دووشەممە، 14-04-2025، سەرچاوەیەکی ناونەهێنراو بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەوانەی بەشداریی سەردانەکەی واشنتن دەکەن بریتین لە: ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا؛ محەممەد بەرنییە، وەزیری دارایی و عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکیی ناوەندیی سووریا.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: "بەرپرسەکان داوا دەکەن پشتیوانی لە دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا و بووژانەوەی ئابووریی وڵاتە وێرانکراوەکە بکرێت."
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا پشتڕاستی کردەوە و گوتی: "جگە لەوان محەممەد شەعر، وەزیری ئابووریی سووریاش سەردانی ئەمریکا دەکات."
دەستەی تەحریری شام لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو هێرشیان کردە سەر دیمەشق و دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند، ئەمەش دوای 14 ساڵ شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە و کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس، جگە لە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و خاپووربوونی ژێرخانی وڵاتەکە.
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەوڵیانداوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوە چاکبکەنەوە، بۆ ئەوەی پشتگیریی لە دووبارە هەستانەوەی وڵاتەکە بکرێت و ئەو سزایانەی لە سەردەمی ئەسەد سەپێنراون، کەمبکرێنەوە یان لاببرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ