رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دیمەشق بە هەوڵدان بۆ "کوشتنی راستییەکان" تۆمەتباردەکات، ئەوەش دوای تۆپبارانێک کە بە گوێرەی هەسەدە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 7 هاووڵاتیی سڤیل لە گوندێکی سەر بە پارێزگای حەلەب.
راگەیێندراوی هەسەدە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی بەرگریی سووریا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی رۆژی شەممە بۆ سەر گوندی ئوم تینە لە ناوچەی دێر حافر رەتکردەوە و لەبری ئەوە، هەسەدەی بە تۆپبارانکردنی گوندەکە تۆمەتبار کرد.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی بەرگری بڵاویکردووەتەوە، جگە لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی، هیچی دیکە نییە؛" هەروەها هێزە سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشەکە و وەڵامە فەرمییەکەی بە "پشتگوێخستنێکی زەقی ژیانی هاووڵاتییانی سڤیلی سووریا" ناوبرد.
بە گوێرەی هەسەدە، لە هێرشەکەدا 7 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا دوو منداڵ کە یەکێکیان یەک ساڵ و ئەوی دیکە چوار ساڵ بووە، لەگەڵ ژنێکی تەمەن 70 ساڵ؛ چوار کەسی دیکەش لە هەمان هێرشدا بریندار بوون.
هەسەدە دەڵێت، وەزارەتی بەرگری "دووجار بەشداری لە تاوانەکەدا کردووە: جارێک لە رێگەی تۆپبارانەوە و جارێکی دیکەش لە رێگەی نکۆڵیکردن و خۆدزینەوە."
دیمەشق لە راگەیێندراوێکدا "بە تەواوی" رەتیکردەوە شوێنەکەی کردبێتە ئامانج و لەبری ئەوە پێداگری کرد کە هەسەدە لەپشت هێرشەکەوەیە و تۆمەتباری کرد بە "کردنەئامانجی سیستماتیکی هاووڵاتییانی سڤیل لە رۆژهەڵاتی حەلەب."
رووداوەکە لە کاتێکدایە گرژیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە زیادبووندایە، چەند مانگێک دوای ئەوەی هەردوولا پلانیان بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی راگوزەردا راگەیاند؛ رێککەوتنێک کە لەو کاتەوە جێبەجێکردنی زۆر هێواشە.
هەسەدە رایگەیاند، حکومەتی سووریا "بە تەواوی بە بەرپرسیار" دەزانێت لەو کۆمەڵکوژییە و داوای لە دیمەشق کرد "کۆنترۆڵی گرووپە سەرەڕۆکانی بکات و بچێتە نێو پرۆسەی ئاشتییانەوە کە ژیان و ئاسایشی سوورییەکان لەپێشینە دابنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ